Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لانی کەم 64 هاوڵاتی مەدەنی ئۆکرانی کوژراون



نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لانی کەم 64 هاوڵاتی مەدەنی ئۆکرانیا کوژراون و 176 کەسی دیکە برینداربوون.

ڕێکخراوی هەماهەنگییەکان بۆ کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت تاوەکو کاتژمێر 5 ی ئێوارەی 26 ی مانگی دوو، لانی کەم 64 هاوڵاتی مەدەنی ئۆکرانی کوژراون 176 کەسی دیکە برینداربوون."

وتیشی " ژمارە ڕاستەقینەکە لەوانەیە زۆر زیاتر بێت."

وتی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا زیانێکی گەورەی بە شوێنەکانی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا گەیاندووە و هەزاران کەس بەبێ ئاو و کارەبا ماونەتەوە. سەدان ماڵیش کاول بوون، هاوکات پرد و شەقامەکانیش بەهۆی بۆردومانەکانەوە خراپ بوون و هەندێک لە هاوڵاتیان دابڕاون لە بازاڕەکان.

ڕێکخراوی هەماهەنگیەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە زاری ڕێکخراوی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاویکردەوە زیاتر لە 160,000 کەس لەناوخۆی ئۆکرانیادا ئاوارە بوون و زیاتر لە 116,000 کەسی دیکە ناچار بوون هەڵبێن بۆ وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا.

ڕێکخکراوی هەماهەنگیەکان بۆ کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە ناچار بوون ئەرکەکانیان ڕابگرن، ئەوەش بەهۆی خراپبوونی ڕەوشی ئاسایشەوە."

وتیشی " نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی هێشتا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا هەن و پابەندن بە مانەوە لە ئۆکرانیا، هەر کات ڕەوشەکە ڕێگە بدات ئەوا ڕێکخراوەکان پابەند دەبن بە وەڵامدانەوەی زیادبوونی پێویستییە مرۆییەکان و پاراستنی هاوڵاتیانەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG