Accessibility links

سەربازانی ئۆکرانیا لە بەڕیتانیا مەشق دەکەن


سەربازە نوێیەکانی ئۆکرانیا لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک مانچستەر، بەڕیتانیا
سەربازە نوێیەکانی ئۆکرانیا لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک مانچستەر، بەڕیتانیا

یەکەم کۆمەڵە سەربازی ئۆکرانیا کە زۆربەیان پێشتر ئەزموونی سەربازییان نیە، بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی گەیشتنە بەڕیتانیا. ئەمەش لەکاتێکدایە ئۆکرانیا هەوڵ دەدات قەرەبووی ئەو سەربازانە بکاتەوە کە لە جەنگەکەیدا دژی ڕووسیا کوژراون.

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا گوتی کۆمەڵە سەربازە نوێیەکە کە چەند سەد سەربازێکن لە کۆمەڵێک بنکەی سەربازی لە سەرانسەری بەڕیتانیادا مەشقی سەربازیی وەردەگرن، لە یەکەم قۆناغی پڕۆگرامی مەشقەکاندا 10,000 سەرباز فێری ئەوە دەکرێن چۆن مامەڵە لەگەڵ چەکدا بکەن، هەروەها مەشقی تەکتیکی و فریاگوزاری سەرەتاییان پێدەدرێت.

وەزارەتەکە وتیشی ئەمە بەشێکە لەو یارمەتییە سەربازییانەی کە بەڕیتانیا دەیدات بە ئۆکرانیا، لەوانەش پێدانی چەکی دژە تانک و سیستمی موشەکی و کەلوپەلە سەربازییەکانی دیکە کە بەهاکەیان دەگاتە 2.3 ملیار پاوەند.

وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس گوتی " بە بەکارهێنانی شارەزایانی سوپای بەڕیتانیا، یارمەتی ئۆکرانیا دەدەین دووبارە هێزەکانی دروست بکاتەوە و بەرهەڵستییەکانی زیاتر بکات، لەکاتێکدا کە بەرگری لە سەروەری خاکی وڵاتەکە و مافی خۆیان دەکەن بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆیان."

وەکو بەشێک لە پڕۆگرامی مەشقەکان، بەڕیتانیا چەکی جۆری ئەی کەی دەستکەوتووە تاوەکو ئۆکرانییەکان بتوانن لەسەر ئەو چەکانە مەشق بکەن کە لە شەڕدا بەکارییان دەهێنن. بەڕیتانیا کەلوپەلی پاراستنی سەربازەکانیش دابین دەکات، لەوانەش کڵاوی زریپۆش و قەڵغان و کەلوپەلەکانی پاراستنی چاو و گوێ، لەگەڵ ئەوەشدا جانتای فریاگوزاری سەرەتایی و جلوبەرگ و پێڵاویی سەربازییان بۆ دابین دەکات.

ئەفسەرێکی سوپای بەڕیتانیا، دان هەیس بە ڕۆژنامەی The Times ی بەڕیتانی گوت ئامانجی مەشقەکان ئەوەیە زۆر بەخێرایی هاوڵاتیانی مەدەنی بکەینە سەربازی کاریگەر.

گوتی " هەموو ئەم کوڕانە شۆفێری بارهەڵگر بوون یاخود دوکاندار بوون و کاری ئاساییان کردووە. من ماوەی 14 ساڵە لە سوپادام و خۆم بڕیارمدا بێمە ناو سوپاوە. ئەم کوڕانە هەموویان مەدەنین، چی لە تواناماندا بێت دەیکەین چونکە دەزانین کە پێویستییان دەبێت."

XS
SM
MD
LG