Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ڕووسی لە شەڕی خێرسۆندا کوژراون


سوپای ئۆکرانیا دەڵێت لە شەڕی هەرێمی خێرسۆندا ژمارەیەک لە سەربازانی ڕووسی کوشتووە و دوو کۆگای چەکیشیان لە هەرێمەکەدا لەناوبردووە.

سەرکردایەتی سەربازیی باشووری ئۆکرانیا گوتی هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان بەسەر ڕووباری دنیپرۆدا بۆ خێرسۆن ڕاگیراون، ئەمەش دەبێتە هۆی دابڕاندنی زیاتری هێزەکانی ڕووسیا لە ڕۆژئاوای ڕووبارەکەوە لە کرایمییەی داگیرکراو و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ئۆکرانیا سیستمی موشەکی مەودا درێژی ڕۆژئاوای بەکارهێناوە بۆ زیان گەیاندن بە پردەکانی سەرانسەری دنیپرۆ، شاری خێرسۆنی دابڕاندووە، بەرپرسانی بەرگری بەڕیتانیاش دەڵێت سوپای 49 ی ڕووسیا کە لە ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆ جێگیرکراون زۆر لاواز بوون لەبەردەم هێرشەکاندا.

سەرکردایەتی سەربازیی باشووری ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا گوتی لە شەڕەکەی ڕۆژی هەینیدا لە هەرێمی خێرسۆن، زیاتر لە 100 سەربازی ڕووسیا کوژراون و حەوت تانکیش لەناوبراون. جێی ئاماژەیە لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا، هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی هەرێمی خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیایان کرد.

جێگری یەکەمی ئەنجومەنی هەرێمی خێرسۆن یوری سۆبۆلیڤسکی داوای لە دانیشتوان کرد خۆیان بەدووربگرن لە کۆگاکانی تەقەمەنی ڕووسیا.

سۆبۆلیڤسکی گوتی " سوپای ئۆکرانیا بۆردومانی ڕووسییەکان دەکات و ئەمەش تەنها سەرەتایە."

فەرمانڕەوای هەرێمی خێرسۆن دمیترۆ بوتری کە سەر بە ئۆکرانیایە، گوتی ناوچەی بێرسلاڤ بە سەختی لێیدراوە. بێرسلاڤ دەکەوێتە ئەوبەری ڕووبارەکە و باکووری ڕۆژئاوای وێستگەی هایدرۆئیلێکتریکی کاخۆڤکاوە.

بوتری گوتی " لە گوندە بچووکەکاندا، هیچ ماڵێک بە وەستاوی نەماوەتەوە، سەرجەم دامەزراوەکان لەناوبراون، خەڵکەکە لە ژێرزەمینەکاندا دەژین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG