باڵیۆزی ئۆکرانیا بۆ تورکیا وتی بەرپرسانی گومرگی تورکیا دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری ڕووسیدا گرتووە کە گەنمی ئۆکرانیای پێبووە، ئۆکرانیاش دەڵێت ئەو گەنمە دزراوە.
بەپێی بەرپرسێک و بەڵگەنامەیەک کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، ئۆکرانیا پێشتر داوای لە تورکیا کردووە دەست بەسەر کەشتییە ڕووسییەکەدا بگرن.
پەیامنێرانی ڕۆیتەرز دەڵێن کەشتییە ڕووسییەکەیان بینیوە یەک کیلۆمەتر دوور لە کەناراوەکە و دەرەوەی بەندەری کاراسو لەنگەری گرتووە، هیچ نیشانەیەکی جووڵە لەناو کەشتیەکە و دەرەوەی کەشتییەکەشدا نەبیندراوە.
باڵیۆزی ئۆکرانیا بۆ تورکیا ڤاسیل بۆدنار گوتی " هاریکارییەکی تەواومان هەیە. کەشتییەکە لە ئێستادا لە دەروازەی بەندەرەکە وەستاوە، لەلایەن بەرپرسانی گومرگی تورکیاوە دەستی بەسەرداگیراوە.
بۆدنار وتی ڕۆژی دووشەممە چارەنووسی کەشتییەکە لە کۆبوونەوەیەکی لێکۆڵەرەوەکاندا بڕیاری لەسەر دەدرێت، وتیشی ئۆکرانیا هیوادارە ئەو گەنمەی لە کەشتییە ڕووسییەکەدا بووە دەستی بەسەردابگیرێت.
ئۆکرانیا ڕووسیای بە تۆمەتی دزینی گەنمەکەی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا تۆمەتبار کردووە. مۆسکۆش ڕەتی دەکاتەوە گەنمی ئۆکرانیای دزیبێت.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە زاری زانیارییەکانی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی دەریایی ئۆکرانیاوە بە ڕۆیتەرزی وت ڕۆژی هەینی کەشتییە بارهەڵگرەکەی ڕووسیا یەکەمین باری هەڵگرتووە کە نزیکەی 4,500 تەن گەنمی ئۆکرانیا بووە لە بێردیانسک، بێردیانسک شارێکی داگیرکراوی ئۆکرانیایە و دەکەوێتە باشووری وڵاتەکەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئۆکرانیا دەڵێت ئەو کەشتییە ڕووسییەی گەنمی ئۆکرانیای پێبووە لەلایەن تورکیاوە دەستی بەسەرداگیراوە
