Accessibility links

ڕووسیا بە بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان هێرشەکانی لە ئۆکرانیا زیاتر دەکات


ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا و بەرپرسانی ناوخۆ دەڵێن سەرۆکی ئۆکرانیا و بەرپرسانی باڵای ئاسایش و سەربازی وڵاتەکە کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پلانەکانیان کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی " بەکارهێنانی جۆرە چەکی نوێ " لەلایەن ڕووسیاوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری ئێرانییەوە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی ئۆدێسا زیاتر کرد.

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هەرێمی ئۆدێسا گوتی ڕووسیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم پێنج هێرشی بۆ سەر ئامانجەکانی ناو هەرێمەکە ئەنجامداوە، هێرشەکانی لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید – 136 ەوە ئەنجام دراون.

گوتیشی یەکێک لە هێرشەکان ئامانجێکی ئاشکرا نەکراوی سەربازیی لە ئۆدێسا کردۆتە ئامانج.

گوتی " دوژمن دەیەوێت موشەکەکانی بهێڵێتەوە، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە ' شەهید ' زۆر هەرزانترن، دەتوانرێت زۆر بەکاربهێندرێن و دەتوانرێت دوو دووش بەکاربهێندرێن. دەبینین دوژمن چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لەم جۆرەی لە یەک هێرشدا بەکارهێناوە."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕەخنەی لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی گرت لەلایەن ڕووسیاوە، کیێڤیش مۆڵەتی باڵیۆزی ئێرانی لە کیێڤ وەرگرتەوە و ستافە دیبلۆماتییەکەی لە کیێڤ دەرکرد.

ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا گوتی ڕۆژی دووشەممە زێلێنسکی لەگەڵ سەرۆکی سوپای ئۆکرانیا ڤالێری زالوژنی و سەرۆکی هەواڵگری و وەزیری بەرگری و بەرپرسانی باڵای ئاسایش و سەربازیی ئۆکرانیادا کۆبۆتەوە.

ئۆفیسەکەی لە بەیاننامەیەکدا گوتی " لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا بەشداربووان بە جیا سەنگیان خستە سەر بەکارهێنانی چەکی نوێ لەلایەن ڕووسیاوە و پلانییان داڕشتووە بۆ بەرپەرچدانەوەیان." بەڵام ئاماژەی بە پلانەکان نەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG