Accessibility links

ڕووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر هەرێمی دۆنباس زیاتر دەکات


سوپای ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا لە ڕێی وشکانی و ئاسمانییەوە بۆردومانی ناوچەکانی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان کردووە و لانی کەم 13 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیش گوتی هێرشەکان هەرێمەکەیان کردووە بە " دۆزەخ."

هەرێمی دۆنباس هەریەک لە هەرێمی دۆنێستک و هەرێمی لوهانسک دەگرێتەوە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە.

ستافی گشتی سەربازی ئۆکرانیا گوتی لە کاتێکدا جەنگەکە لە سێ مانگ نزیک دەبێتەوە، ڕووسییەکان هەوڵەکانیان بۆ ژێردەستەکردنی هەرێمی دۆنباس چڕتر کردۆتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا گوتی تۆپهاوێژەکانی ڕووسیا بۆردومانی ناوچەکانی دانیشتوانی هەرێمەکەیان کردووە و فڕۆکە جەنگییەکانیش بۆردومانی ئامانجەکانیان کردووە.

فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای گوتی بۆردومانەکانی ڕووسیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بوونەتە هۆی کوژرانی 13 هاوڵاتی مەدەنی، 12 کەسیان لە شارۆچکەی سیڤیێرۆدۆنێسک بوون، بەڵام هێرشەکەی ڕووسیا سەرکەوتوو نەبووە.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕاپۆرتەکان پشتڕاست بکاتەوە، ڕووسیاش ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی گوتی " دۆنباس بە تەواوەتی لەناوچووە. لەوێ دۆزەخە و ئەمەش زیادەڕۆیی نیە."

گوتیشی هێرشی بەردەوامیش کراونەتەسەر هەرێمی ئۆدێسا لە باشووری وڵاتەکەوە.

هەوڵەکانی ڕووسیا لە دۆنباس دوای ئەوە دێت لە قۆناغەکانی سەرەتای داگیرکارییەکەیدا ڕووسیا شکستی هێنا لە گرتنی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا.

بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا هەزاران کەس کوژراون کە زۆرینەیان هاوڵاتیانی مەدەنین و شار و شارۆچکەکانی ئۆکرانیا خاپوور بوون.

نزیکەی یەک لەسەر سێی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا ئاوارە بوون، زیاتر لە 6 ملیۆن هاوڵاتی وڵاتەکەیان جێهێشتووە و ئەوانی دیکەش لە شارەکانی دیکەی ئۆکرانیادا گیرییانخواردووە و کە بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە وردکراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG