Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت 67 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیایی خستووەتە خوارەوە


ڕۆژی دووشەممە سوپای ئۆکرانیا وتی 67 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان لە کۆی 73 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا خستووەتە خوارەوە، هێرشەکان شەوی ڕابردوو کراونەتە سەر سەرانسەری ناوچەکانی ئۆکرانیا.

وتیشی جگە لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیا یەک موشەکیان لە کۆی سێ موشەکی ڕووسیایی خستووەتە خوارەوە.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی بەرپەرچدانەوەکان بەسەر هەرێمەکانی چێرکاسی، چێرنیهیڤ، دنیپرۆپێترۆڤسک، خارکیڤ، کیرۆڤۆهراد، کیێڤ، میکۆلایڤ، پۆڵتاڤا، سومی، ڤینیتسیا و ژیتۆمۆرەوە بووە.

ڕۆژی دووشەممە بەرپرسانی دنیپرۆپێترۆڤسک وتییان هێرشی تۆپهاوێژ و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان زیانییان بە لانیکەم 10 ماڵ گەیاندووە.

سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی سەربازیی شاری کیێڤ سێرهێی پۆپکۆ وتی زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە پایتەختی ئۆکرانیا بۆ پینج کاتژمێر چالاک بووە، بەڵام بەرگرییە ئاسمانییەکان بەرپەرچی سەرجەم ئەو هێرشانەیان داوەتەوە کە کراونەتە سەر کیێڤ.

ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی دوو فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ئۆکرانیاییان بەسەر هەرێمی بێلگۆرۆدەوە خستووەتە خوارەوە کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆد ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ وتی بەهۆی هێرشەکانی ئۆکرانیاوە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG