هەردوو سەرۆکی ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ یەکەم جار کۆبوونەوە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە ماوەی 5 ساڵە هەڵگیرساوە و بووەتە مایەی گیان لەدەستدانی 14 هەزار کەس.
ڤلادیمیر پـوتن و ڤلۆدیمیر زیلینسکی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریس کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا.
لە کۆبوونەوەکە سەنگی خراوەتە سەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیان کە لە ساڵی 2015 بە ناوبژیوانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا ومۆرکراوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە.
هاوکات لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا هەزاران کەس ڕژاونەتە سەر جادەکان و داوا لە سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن هیچ دانەواندنێک بۆ پـوتن نەکات. نزیکەی 100 چالاکوان لە بەردەم ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیان مانیانگرتووە و دروشمێکیان بەرزکردووەتەوە کە لە سەری نووسراوە" نەخیر بۆ خۆبەدەستەوەدان."