Accessibility links

سەرۆکی ئۆکرانیا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ڕووسیا یاسای حوکمی لەشکری واژودەکات


سەرۆکی ئۆکرانیا بڕیارێکی واژوکرد بۆ سەپاندنی یاسای حوکمی لەشکری لە ناوچە سنووریـیەکانی وڵاتەکەی، ئەمەش پاش پەرەسەندنی گرژیـیەکانی نێوان وڵاتەکەی و ڕووسیا لەسەر دەستگرتنی مۆسکۆ بەسەر 3 کەشتی جەنگی ئۆکرانیا.

پـیترۆ پـۆرۆشینکۆ ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیارەکەی واژوکرد لە پاش ڕەزامەندی پەرلەمانی ئۆکرانیا بۆ سەپاندنی یاسای حوکمی لەشکری لە وڵات بۆ ماوەی 30 ڕۆژ.

سڤیاتۆسلاڤ تسێگۆلکۆ سکرتێری ڕۆژنامەوانی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ڕێگەی تویتەرەکەی خۆیەوە هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە و نووسیویەتی "سەرۆک پـۆرۆشینکۆ بڕیاری سەپاندنی یاسای حوکمی لەشکری لە ئۆکرانیا واژوکرد."

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت کەشتی هێزی دەریایی ڕووسیا (ڤایس- ئەدمیراڵ زاخارین) ئەمڕۆ چوارشەممە لە دەریای ڕەشەوە بەرەو دەریای ئازۆڤی ڕۆژهەڵاتی باشوری ئۆکرانیا بەڕێکەوتووە. لەوەتای ڕۆژی یەکشەممەوە کە ڕووسیا لە دەریای ئازۆڤ دەسـتیگرت بەسەر سێ کەشتی جەنگی ئۆکرانیا، لەو دەریایە گرژی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دروستبووە.

هەر ئەمڕۆش ڕووسیا ڕایگەیاند کە بە نیازە سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 لە نیمچە دورگەی کریمە دابمەزرێنێت.

پـێشتر ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ئاگاهی دا لەوەی شیانی هەیە شەڕێکی سەرتاسەری لە نێوان وڵاتەکەی و ڕووسیا هەڵبگیرسێت. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد مۆسکۆ ژمارەی تانکەکانی لەسەر بنکە لەشکریـیەکانی نزیک سنوور سێ هێندە لێکردووە.

XS
SM
MD
LG