Accessibility links

ئۆکرانیا بە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دامەزراوەکانی وزەی ڕووسیای دەکاتە ئامانج


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو ئۆکرانیا ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی سەرانسەری ڕووسیا کردووە، ئەمەش لە هێرشێکدا کە وادیارە ئامانج لێی بە ئامانجکردنی ژێرخانی وزەی ڕووسیا بووە.

فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆد ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ وتی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ڕووسیا 50 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان بەسەر هەشت هەرێمی ڕووسیادا خستووەتە خوارەوە، 26 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان بەسەر هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕۆژئاوای ڕووسیاوە خراونەتە خوارەوە کە نزیکە لە سنووری ئۆکرانیاوە. ژن و پیاوێک بەهۆی ئەو هێرشانەوە کوژراون، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی تەقینەوەیەکەوە ماڵەکەیان ئاگری تێبەربووە. وتیشی ژنێکی دووگیان و کۆرپە لە دایک نەبووەکەشی لە بۆردومانەکانی دواتری ڕۆژی شەممەدا کوژراون.

هەروەها دەوترێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر هەرێمەکانی بریانسک و کورسک و تولا و سمۆلینسک و کالوگای ڕۆژئاوا و باشووری ڕووسیادا خراونەتە خوارەوە، بە هەرێمی مۆسکۆشەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی فڕۆکەیەکی شەڕکەری سوخۆی – 25 ی ئۆکرانیایان خستووەتە خوارەوە. بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستەڕوو و ئەوەش نەتوانراوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێتەوە.


ڕۆژی ڕابردووش ئۆکرانیا فڕۆکەیەکی جەنگی ڕووسی خستووەتە خوارەوە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی ڕووسیا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان بە "کێشەی تەکنیکی"ناوبردووە.

بەرپرسی هەرێمی کالوگا ڤلادیسلاڤ شاپشا وتی ڕۆژی شەممە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە وێستگەیەکی لاوەکی کارەبا ئاگری تێبەربووە، فەرمانڕەوای هەرێمی بریانسک ئالیکساندەر بۆگۆماز و فەرمانڕەوای هەرێمی سمۆلێنسک ڤاسێلی ئانۆکینیش باسییان لە ئاگرکەوتنەوە کردووە لە بەنزینخانەکان و دامەزراوەکانی وزەدا.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا پاڵاوگەکانی نەوت و تێرمیناڵەکانی نەوتی ڕووسیا بوونەتە ئامانجی سەرەکی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا، ئەمەش لە چوارچێوەی زیادبوونی هێرشەکاندا بۆ سەر خاکی ڕووسیا.

ئۆکرانیا و ڕووسیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی وزەی یەکتر پەرەپێداوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG