Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت چەکە ئەمەریکی و ئەوروپییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەناوبردووە


سیێڤیێرۆدۆنێتسک، هەرێمی لوهانسک، ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا
سیێڤیێرۆدۆنێتسک، هەرێمی لوهانسک، ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت موشەکەکانی بڕێکی زۆرییان لە چەک و کەلوپەلی سەربازیی لە هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەناوبردووە، هەندێک لەو چەک و کەلوپەلانەش لەوانە بوون کە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا ڕەوانەی ئۆکرانیایان کردبوون.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی موشەکە وردبینەکانیان لە شوێنێکی نزیک وێستگەیەکی شەمەندەفەرییان داوە و ئەو چەکە و کەلوپەلە سەربازییانەیان کردۆتە ئامانج کە ڕەوانەی هێزەکانی ئۆکرانیا کراون.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئۆکرانیا وتی هێزەکانی ڕووسیا ڕژاونەتە ناو شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە و ناوچەیەکیان بۆردومان کردووە کە سەدان هاوڵاتی مەدەنی وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

ئۆکرانیا داوای لە ڕۆژئاوا کردووە بەپەلە چەکی زیاتری بدەنێ تاوەکو بتوانێت بەرگری لە سیێڤییرۆدۆنێتسک بکات، کیێڤ دەڵێت شارەکە ڕەنگە کلیلی ئەنجامەکانی شەڕەکە بێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و دیاریکردنی ئاڕاستەی داهاتووی جەنگەکە.

لە ماوەی ڕابردوودا فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرگێی گایدای وتی دوایین پردی پەڕینەوەی سەر ڕووباری سیڤێرسکی دۆنێتس هێشتا ماوە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر پردێکی دیکەی سەر ڕووبارەکە تێکشکێندرا.

گوتی " پردەکە هێشتا کاردەکات، بەڵام دۆخی پردەکە زۆر خراپە، بەشێکی نەماوە، مەحاڵە ئوتومبێلەکان بەسەریدا بڕۆن."

ڕۆژی دووشەممە گایدای گوتی شەڕ و پێکدادانەکان لە شارەکەدا بەردەوام بوون، هێزەکانی ئۆکرانیا بەرگرییان لە بینا بە بینای شارەکە کردووە.

گوتی " شەڕەکە ئەوەندە سەختە کە شەڕکردن نەک تەنها بۆ شەقامێک بەڵکو بۆ یەک بینای بەرزیش ڕەنگە چەند ڕۆژێک بخایەنێت."

گایدای وتی تۆپهاوێژەکانی ڕووسیا تۆپبارانی وێستگەی کیمیایی ئازۆتیان کردووە کە سەدان هاوڵاتی خۆیان حەشارداوە تیایدا و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

گایدای وتی ئێستا هێزەکانی ڕووسیا لە سەدا 70 ی شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسکی هەرێمی لوهانسکیان کۆنتڕۆڵ کردووە، وتیشی گەڕەک بە گەڕەکی شارەکە لەناودەبەن.

گایدای گوتی " ڕووسییەکان بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر شارەکە، سوودێکی گەورەیان لە تۆپهاوێژەکان بینیوە کە بووەتە هۆی کشاندنەوەی سەربازە ئۆکرانییەکان."

جێی ئاماژەیە لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دوودا، زیاتر لە 5 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی وڵاتەکەیان جێهێشتووە و شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکە خاپوور کراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG