Accessibility links

دەزگای هەواڵی RIA: ڕووسیا دەڵێت 498 سەربازی کوژراون و 1597 سەربازی دیکەی بریندار بوون


دەزگای هەواڵی RIA ی ڕووسی لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەرکە سەربازییەکەی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا، 498 سەربازیی ڕووسی لە ئۆکرانیا کوژراون و 1597 سەربازی دیکە برینداربوون.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین جارە ڕووسیا ژمارەی زیانە گیانییەکانی لە نێو هێزەکانیدا بڵاودەکاتەوە.

بەپێی دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت زیاتر لە 2870 سەربازی ئۆکرانی و " نەتەوە پەرست " کوژراون و نزیکەی 3700 سەربازی دیکە برینداربوون. تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەو ژمارانە بەشێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی وتی لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە دژی ئۆکرانیا، زیاتر لە 7000 سەربازی ڕووسی کوژراون و سەدان سەربازی دیکە دەستبەسەر کراون کە ئەفسەریشیان تێدایە.

ئۆلێسکی ئاریستۆڤیچی ڕاوێژکاری سەربازیی زیلینسکی وتی فەرماندەیەکی سوپای ڕووسیا بە سەختی بریندارکراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ بێلاڕووس.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG