Accessibility links

سەرۆکی ئۆکرانیا پێشنیاری کۆبوونەوەیەک دەکات لەگەڵ پوتن


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی وتی دەیەوێت لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێک بکەن بۆ قەیرانەکەی سەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە.

زیلینسکی لە میانەی وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ وتی " نازانم سەرۆکی ڕووسیا چی دەوێت، لەبەر ئەوە پێشنیاری کۆبوونەوەیەک دەکەم."

هاوکات هەریەک لە ئوستریا و فەڕەنسا و ئەڵمانیاش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە داوایان لە هاوڵاتیانیان کرد ئۆکرانیا جێبهێڵن، ئەوەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری نزیکبوونەوەی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا. هێڵی گەشتی ئاسمانی ئەڵمانیا لوفتهانساش گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ کیێڤ و ئۆدێسای ئۆکرانیا هەڵوەشاندەوە.

ڕۆژی یەکشەممە کۆشکی سپی ڕایگەیاند ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکادا کۆدەبێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا بوو دووبارە جەختی لەوە کردەوە " دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا."

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی ڕۆژی شەممە سەرۆک بایدن زانیارییەکانی سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخدا پێ وتراوە. ڕۆژی شەممە هێرس لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا کۆبۆوە، لەوانەش سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئورسولا ڤۆن دێر لین و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە پوتن سەرپەرشتی مەشقە سەربازییەکانی هێزەکانی ڕووسیای کرد لەکاتێکدا گرژییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا زیاتر بوون.

چاودێرانی ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپا دەڵێن ڕۆژی شەممە زیاتر لە 1500 حاڵەتی پێشێلکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا تۆمارکراوە.

هێرس وتی ئەمەریکا ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتی ناتۆ پتەوتر دەکات دژی ئەگەری داگیرکاری ڕووسیا.

هاوکات سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لە کۆنفرانسەکەدا وتی" ڕووسیا بە هەڕەشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا هێزەکانی ناتۆ زیاتر دەکات نەک کەمی بکاتەوە."

ستۆڵتنبێرگ وتی نامەیەکی ناردووە بۆ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ و تیایدا داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ناتۆ و ڕووسیای کردووە، ئەوەش لەپێناو دوورخستنەوەی ململانێ لە ئۆکرانیا. ستۆڵتنبێرگ لە کۆنفرانسەکەدا وتی هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوەی ڕووسیا هیچ هێزێکی لە سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا کشاندبێتەوە و مەترسیەکی ڕاستەقینەی هەڵگیرسانی ململانێ هەیە.

وتی " ئێمە زۆر نیگەرانین چونکە دەبینین هێزەکان بەردەوام لە زیادبووندان، بەردەوامن لە ئامادەکارییەکان. لە دوای جەنگی ساردەوە هەرگیز هێزێکی گەورەی شەڕکەری لەم شێوەیەمان نەبینیوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG