Accessibility links

ئۆکرانیا لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ڕووسیادا داوای ئاگربەست و کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی دەکات


نوێنەرەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ گفتوگۆکان
نوێنەرەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ گفتوگۆکان

ڕۆژی پێنجشەممە بەرپرسانی ئۆکرانیا بۆ دووەمین جار لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیادا کۆبوونەوە، لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی ئۆکرانیا داوای ئاگربەست و کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆییان کرد تاوەکو ئەو هاوڵاتیانە بگوازنەوە کە گەمارۆ دراون، لەکاتێکدا هێزەکانی ڕووسیا گەمارۆی شارەکانی ئۆکرانیایاندا و بۆردومانیان کردن.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، سەدان سەربازی ڕووسی و ئۆکرانی کوژراون، هاوکات ڕووسیاش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گۆشەگیر کراوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 1 ملیۆن هاوڵاتی لە تەنها حەوت ڕۆژدا لە ئۆکرانیا هەڵهاتوون و قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتەدا خراپتر بووە.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک وێنەیەکی خۆی و شاندەکەی بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ ڕووسیا بڵاوکردەوە کە لە ژوورێکی کۆنفرانسدان لە شوێنێکی نادیار.

پۆدۆلیاک وتی ئۆکرانیا داوای ئاگربەستێک دەستبەجێ دەکات و داوای " کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی دەکات تاوەکو ئەو هاوڵاتیە مەدەنییانەی پێدا بگوازرێنەوە کە لە گوند یاخود شارەکانیاندا بەردەوام بۆردومانیان لەسەرە و شوێنەکانیان وێران بوون."

سەرەڕای پلانی سەرەتای شەڕەکە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا وتیان ئامانج لێی لەکارلابردنی حکومەتی کیێڤە، ڕووسیا تاوەکو ئێستا تەنها یەک شارۆچکەی ئۆکرانیای گرتووە، بەندەری خێرسۆن لە باشووری ڕووباری دنیپرۆ.

هاوکات چەند ڕۆژێکە هێرشە سەرەکییەکەی لە سەر ڕێگای خێرای باکووری کیێڤ ڕاگیراوە، ڕووسیا تاکتیکی خۆی گۆڕیوە، بۆردومانکردنی شارەکان و ناوەڕاستی خارکیڤی چڕتر کردۆتەوە.

ماریوپۆڵی بەندەری سەرەکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا گەمارۆ دراوە و بە چڕی بۆردومان دەکرێت، ئاو و کارەبا لە ناوچەکەدا نەماون. بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ناتوانن بریندارەکان بگوازنەوە. ئەنجومەنی شارەکەش ڕەوشەکەی بەراورد کرد بە گەمارۆکەی سەر لینینگراد لە جەنگی جیهانی دووەمدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG