Accessibility links

ئۆکرانیا 10 موشەکی ڕووسی دەخاتە خوارەوە


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن لە هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیادا بۆ سەر کیێڤی پایتەخت و شاری دنیپرۆ و هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە 10 موشەک و زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خراونەتە خوارەوە.

ئۆفیسی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ئاگرێک لە قەراغ شاری خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵات کەوتۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کۆگایەکی نەوت دوو جار لێیدراوە، وتیشی ئامێرەکانی پەمپکردنی بەرهەمە نەوتییەکان زیانییان بەرکەوتووە.

لەم مانگەدا ڕووسیا هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا چڕتر کردۆتەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی دامەزراوە لۆجیستیکییەکان و ژێرخانەکان دەکاتە ئامانج، ئەمەش پێش هێرشە پێچەوانە پێشبینیکراوەکەی ئۆکرانیا.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی 10 موشەکی خستۆتە خوارەوە کە لە دەریای کاسپیانەوە هەڵدرابوون، 23 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی دروستکراوی ئێرانی و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیدەوانیشی خستۆتە خوارەوە.

وتیشی 17 موشەک و 31 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هێرشەکەدا بەکارهاتوون کە نزیکەی کاتژمێر 10 ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە دەستی پێکردووە و تاوەکو کاتژمێر 5 ی بەیانی ڕۆژی هەینی بەردەوام بووە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا وتیان چەندین موشەک لە ئامانجەکانی ناو هەرێمەکانی خارکیڤ و دنیپرۆپیترۆڤسکییان داوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی دنیپرۆپیترۆڤسک سێرهێی لیاسک وتی " شەوێکی زۆر سەخت بوو، دوژمن هێرشێکی گەورەی بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردە سەر هەرێمەکە. دنیپرۆ ناڵاندی."

لیاسک وتیشی چەندین خانوو و ئوتومبێل و کۆمپانیای تایبەت بە کۆمپانیایەکی گواستنەوە و بەنزینخانەیەکیشەوە زیانییان بەرکەوتووە، کارمەندێکی بەنزینخانەکەش بریندار بووە.

بەرپرسانی کیێڤ وتیان سەقفی مۆڵێک و خانوویەک و چەندین ئوتومبێل زیانییان بەرکەتووە.

فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤیش وتی چەندین خانووی تایبەت و دامەزراوەی پیشەسازی لە هەرێمەکە زیانییان بەرکەوتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG