Accessibility links

کرێملن: ڕووسیا دەستبەجێ هێرشەکەی ڕادەگرێت " ئەگەر ئۆکرانیا مەرجەکانی جێبەجێ بکات "


وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ

وتەبێژی کرێملن وتی ڕووسیا بە ئۆکرانیای وتووە ئامادەیە " دەستبەجێ " ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕابگرێت ئەگەر کیێڤ مەرجەکانی مۆسکۆ جێبەجێ بکات.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی مۆسکۆ داوا دەکات ئۆکرانیا کردەوە سەربازییەکانی ڕابگرێت و دەستوورەکەی بگۆڕێت بۆ بێلایەنی و نیمچە دورگەی کرایمیەش وەکو ناوچەیەکی ڕووسیا بناسێنێت، هەروەها هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک وەکو دوو دەوڵەتی سەربەخۆ بناسێنێت.

تاوەکو ئێستا ئەمە یەکەمین جارە ڕووسیا بەو ڕوونییە مەرج و داواکارییەکانی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا ئاشکرا بکات.

پێسکۆڤ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە ڕۆیتەرزی وت ئۆکرانیا ئاگاداری مەرجەکانە و " پێیان وتراوە ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێ بکرێن ئەوا دەکرێت دەستبەجێ هەموو هێرشەکان ڕابگیرێن."

تاوەکو ئێستا ئۆکرانیا هیچ کاردانەوەیەکی سەبارەت بە مەرجەکانی ڕووسیا نەبووە.

ڕووسیا لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە هێرشی کردەسەر ئۆکرانیا، بۆردومانی شارەکانی کیێڤ و خارکیڤ و ماریوپۆڵی کردووە. داگیرکارییەکە لە 24 ی مانگی دوودا دەستیپێکرد و بووەتە هۆی کەوتنەوەی خراپترین قەیرانی پەنابەران لە ئەوروپادا کە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە قەیرانی لەم شێوەیە لە ئەوروپا نەبیندراوە. هاوکات وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی ئەم کارەی ڕووسیایان کردووە و سزای توندی ئابوورییان سەپاندووە بەسەر مۆسکۆدا.

بەڵام وتەبێژی کرێملن جەختی لەوە کردەوە ڕووسیا هەوڵی ئەوە نادات خاکی زیاتری ئۆکرانیا بەدەستبهێنێت، وتیشی " ئەوە ڕاست نیە " کە دەڵێن مۆسکۆ داوا دەکات کیێڤ بدرێتە دەست ڕووسیا.

پێسکۆڤ وتی " بەڕاستی خەریکین داماڵینی سەربازیی لە ئۆکرانیا تەواو دەکەین. تەواوی دەکەین. بەڵام سەرەکیترین شت ئەوەیە ئۆکرانیا کردەوە سەربازییەکانی ڕابگرێت. دەبێت کردەوە سەربازییەکانیان ڕابگرن و دواتر هیچ کەس تەقە ناکات."

سەبارەت بە بابەتی بێلایەنیش، پێسکۆڤ وتی " دەبێت کۆمەڵێک بەند بخەنە دەستوورەکەیانەوە کە تیایدا بڵێت ئۆکرانیا ئامانجەکانی بۆ چوونە پاڵ هەر هاوپەیمانێتیەک ڕەت دەکاتەوە."

وتیشی " هەروەها قسەمان سەبارەت بەوەش کردووە چۆن دەبێت کرایمیە وەکو ناوچەیەکی ڕووسی بناسێنن، هەروەها پێویستە لەسەریان هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک وەکو دوو دەوڵەتی سەربەخۆ بناسێنن. ئەوە هەموویەتی. سەرجەم هێرشەکان دەستبەجێ دەوەستێندرێن."

ئەوەشی خستەڕوو " ئەمە مانای ئەوە نیە ئێمە لوهانسک و دۆنێتسک لەژێر دەستی ئۆکرانیادا دەربهێنین. دۆنێتسک و لوهانسک نایانەوێت بەشێک بن لە ئۆکرانیا. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت بەهۆی ئەوەوە وێران بکرێن."

وتیشی " ئۆکرانیا دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و دەتوانێت هەرچۆنێک خۆی بیەوێت بژی، بەڵام بە مەرجێک بێلایەن بێت."

وتی سەرجەم داواکارییەکان لە میانەی خولی یەکەم و دووەمی گفتوگۆکاندا ڕادەستی شاندەکەی ئۆکرانیا کراون.

پێسکۆڤ وتی " هیوادارین هەموو شتەکان باش بەڕێوە بچن و بەشێوەیەکی گونجاو وەڵام بدەنەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG