سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت ئەگەر ڕووسیا ڕیفراندۆم لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیادا ئەنجام بدات ئەوا گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆکرانیا یاخود هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیدا ڕوونادات.
هێزەکانی ڕووسیا و جیاخوازەکانی ئۆکرانیا کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات لە ئێستادا خاکێکی بەرفراوانی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیایان داگیرکردووە. بەرپرسانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا باسیان لە ئەگەری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کردووە لەو ناوچانەدا تاوەکو بچنە پاڵ ڕووسیا.
زێلێنسکی گوتی کیێڤ لەسەر ئەو هەڵوێستەی خۆی سوورە کە هیچ ناوچەیەکی نەدات بە ڕووسیا.
گوتی " هەڵوێستی وڵاتەکەمان هەمیشە وەکو خۆی دەمێنێتەوە. دەستبەرداری هیچ شتێک نابین کە خۆمان خاوەنین."
گوتیشی " ئەگەر داگیرکەران بەردەوام بن و ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن ئەوا هەر دەرفەتێکی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆکرانیا و جیهانی ئازاددا بەڕووی خۆیاندا دادەخەن، کە ڕووسیا ڕۆژێک دێت پێویستی پێی دەبێت."
هێزەکانی ڕووسیا زۆرینەی هەرێمی خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیایان گرتووە و بەرپرسانی هەرێمەکەش پێشنیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمییان کردووە لە ماوەی چەند هەفتە و مانگێکی دیکەدا تاوەکو هەرێمەکە بچێتە پاڵ ڕووسیاوە.
لە هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش هێزەکانی جیاخوازەکانی سەر بە ڕووسیا لە ساڵی 2014 دا کۆمەڵێک ناوچەیان کۆنتڕۆڵ کرد، ڕیفراندۆمییان لەو ناوچانەدا ئەنجامدا و هەردوو کۆماری لوهانسک و کۆماری دۆنێتسکیان ڕاگەیاند، ڕووسیاش پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە فەڕمی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی وەکو دوو دەوڵەتی سەربەخۆ ناساند.
فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک کە زۆرینەی هەرێمەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە ئاماژەی بەوەداوە ڕووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی نوێ لەو ناوچانەدا کە لەمدواییانەدا گیراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز