Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت بەرپەرچی هەوڵێکی دزەکردنی هێزەکانی ڕووسیای بۆ ناو هەرێمی سومی داوەتەوە


فەرمانڕەوای هەرێمی سومی وتی هێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری ئۆکرانیا بەرپەرچی هەوڵێکی گروپە تێکدەر و دیدەوانییەکانی ڕووسیایان داوەتەوە کە تیایدا هەوڵیانداوە دزە بکەنە هەرێمی سومی باکووری ئۆکرانیایەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی سومی دمیترۆ ژیڤیستکی وتی گروپە ڕووسییەکە بە پشتیوانی هاوەن و تەقەی چەکی قورس و نارنجۆکەوە هاتوونەتە ناو ئۆکرانیاوە، بەڵام دوای ئەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئۆکرانیا ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، کشاونەتەوە.

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ئەو لێدوانە پشتڕاست بکاتەوە.

بە ماوەیەکی کورت دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دوودا، هێزەکانی ڕووسیا چوونە ناو هەرێمی سومییەوە. هێزەکانی ئۆکرانیا لە 8 ی مانگی چواردا توانییان هەرێمەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە و لەو کاتەوە لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ڕووسیا.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژێکی هێزی پاسەوانی سنووری ئۆکرانیا وتی مەترسی بۆردومانەکانی ڕووسیا لە هەرێمەکانی چێرنیهیڤ و سومی هێشتا ماون، بەڵام سنووری هەردوو هەرێمەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.

وتەبێژەکە وتی هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی بەرگرییەکانی سنوورەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ بێلاڕووس و هەرێمی ترانسدنیێسترای ماڵدۆڤادا دەستیپێکردووە، ئۆکرانیا بەدووری نازانێت ڕووسیا لەو هەرێمەی ماڵدۆڤاوە هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەیان، ئەو هەرێمەش لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکانی ماڵدۆڤادایە کە ڕووسیا پشتیوانیان لێدەکات.

لە 10 ی مانگی پێنجەوە بەرپرسانی سنووری ئۆکرانیا ئاماژەیان بەوەداوە ئەو ئۆکرانییانەی کە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکە زیاترن لەوانەی کە وڵاتەکە جێدەهێڵن.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە ئۆکرانیا کۆمەڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، هێزەکانی ڕووسیایان ناچار کرد ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤی پایتەخت چۆڵ بکەن و هێزەکانی ئۆکرانیاش پێشڕەوییەکی خێرا دەکەن لە هەرێمی خارکیڤدا.

مۆسکۆ داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە.

لەلایەکی دیکەوە لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا فەرمانڕەوای هەرێمی دۆنێتسک پاڤلۆ کیریلینکۆ ڕۆژی دووشەممە وتی بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر هەرێمەکە 9 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و شەش کەسی دیکە برینداربوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG