Accessibility links

ئەو ئۆکرانییانەی کە پشتیوانییان لە ڕیفراندۆمەکان کردووە ڕووبەڕووی تۆمەتی ناپاکیکردن و زیندانیکردن دەبنەوە


ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا دەڵێت ئەو ئۆکرانییانەی کە یارمەتی ڕووسیایان داوە لە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمەکاندا لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیادا بەمەبەستی لکاندنیان بە ڕووسیاوە ڕووبەڕووی تۆمەتی ناپاکی و لانیکەم 5 ساڵ زیندانیکردن دەبنەوە.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بلیکی سویسرادا گوتی " لیستی ناوی ئەو کەسانەمان لایە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان تێوەگلاون."

گوتیشی " ئێمە باس لە سەدان هاوکار دەکەین، ئەوان بە تۆمەتی ناپاکیکردن لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. ڕووبەڕووی لانیکەم 5 ساڵ زیندانیکردن دەبنەوە."

گوتیشی ئەو هاوڵاتیانەی ئۆکرانیا کە ناچار کراون دەنگ بدەن سزا نادرێن. بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بەوە داوە سندووقی دەنگدانەکان ماڵ بە ماڵ گەڕێندراوە و دانیشتوانی ناوچەکانیش ناچار کراون لەبەردەم هێزەکانی ئاسایشی سەر بە ڕووسیادا دەنگ بدەن.

مۆسکۆ دەیەوێت هەرێمەکانی خێرسۆن و لوهانسک و دۆنێتسک و زاپۆریژا زیاد بکاتە سەر خاکی ڕووسیا، کە دەکەونە ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیاوە، ئەوەش لە سەدا 15 ی خاکی ئۆکرانیا دەکات.

هیچ کام لەو هەرێمانە بە تەواوەتی لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیادا نین و شەڕەکە بە درێژایی بەرەکانی پێشەوە بەردەوامە، هێزەکانی ئۆکرانیاش دەڵێن پێشڕەوی زیاترییان کردووە دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا هێزەکانی ڕووسیایان لە هەرێمی خارکیڤ ناچار کرد بکشێنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG