Accessibility links

ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕێکەوتن لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی


ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕێکەوتن لەسەر پێویستی کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیانی مەدەنی تاوەکو بتوانن لە دەست داگیرکارییەکەی ڕووسیا هەڵبێن، ئەمەش بە یەکەمین پێشڕەوی دیاری گفتوگۆکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دادەنرێت.

باوەڕوایە هەزاران کەس لە هێرشەکەی ڕووسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا کوژرابێتن یاخود برینداربووبێتن، 1 ملیۆن هاوڵاتیش ئاوارە بوون و زیانێکی گەورەشی لە ئابووری ڕووسیا داوە.

هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام بوون لە گەمارۆدان و هێرشکردنە سەر شارەکانی ئۆکرانیا، لەوانەش شاری ماریوپۆڵ کە بەندەری سەرەکی ئۆکرانیایە لە ڕۆژهەڵاتەوە و ماوەیەکە بۆردومان دەکرێت، کارەبا و ئاویش لە شارەکەدا نەماون. بەرپرسانی ئۆکرانیاش دەڵێن ناتوانن بریندارەکان بگوازنەوە.

دوابەدوای گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، مۆسکۆ دەڵێت " پێشڕەوییەک " هەبووە لە گفتوگۆکاندا لەکاتێکدا ئۆکرانییەکان هاوڕا بوون لەسەر یارمەتیدانی هاوڵاتیانی ئاسایی، بەڵام ئەنجامی گفتوگۆکان ئەوە نەبوو کە کیێڤ هیوای بۆ دەخواست.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک وتی وەستاندنی شەڕ لە هەندێک شوێنی دیاریکراودا بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێی تێدەچێت.
وتی " تەنها لەو شوێنانەدا کە ڕێڕەوە مرۆییەکانیان تیادا دەکرێتەوە، دەکرێت لەو ماوەیەی هاوڵاتیان دەگوازرێنەوە شەڕ بوەستێندرێت."
هەروەها هاوڕابوون لەسەر دابینکردن و گەیاندنی یارمەتیە تەندروستیەکان و خۆراک بۆ ئەو شوێنانەی کە شەڕێکی سەختیان تیادا دەکرێت. دەزگای هەواڵی بێڵتای بێلاڕووس لە زاری پۆدۆلیاکەوە بڵاویکردەوە هەفتەی داهاتوودا نوێنەرانی ئۆکرانیا و ڕووسیا جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG