سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیگاڵ لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا هیوای خواست ئەڵمانیا یارمەتی زیاتری ئۆکرانیا بدات لە بونیادنانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیدا، هەروەها داوای کرد چەکی زیاتر بدرێت بە ئۆکرانیا.
شمیگاڵ یەکەمین بەرپرسی باڵای ئۆکرانیایە کە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا سەردانی ئەڵمانیا بکات، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک لەسەر کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان کیێڤ و بەرلین.
لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا، ئەڵمانیا دوودڵ بوو لە دابینکردنی پشتیوانی سەربازیی بە ئۆکرانیا، بەڵام دواتر هەڵوێستی خۆی گۆڕی و کۆمەڵێک چەکی ڕەوانەی کیێڤ کرد.
شمیگاڵ لەمیانەی سەردانەکەیدا دانی بەوەدانا کە ئەڵمانیا لەو کاتەوە پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە، چەکی قورسی وەکو تانکی هاویتزەر 2000 و سیستمی موشەکی مارسی داوە بە ئۆکرانیا، شمیگاڵ وتیشی ئەو چەکانە " سەرجەمییان لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا زۆر بە باشی کاردەکەن."
وتیشی پێشبینی دەکرێت سیستمی بەرگری ئاسمانی ئایریس – تی لەم پایزەدا بگاتە دەستی ئۆکرانییەکان، وتیشی ئۆکرانیا هیوادارە " ئەڵمانیا ببێتە یەکێک لە ڕابەرەکان لە پڕۆسەی پەرەپێدان بە بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیادا."
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لەمیانەی وتارەکەی ڕۆژی دووشەممەدا سەبارەت بە دیدی خۆی بۆ ئەوروپا، وتی ئەڵمانیا " بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی " هەیە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە بونیادنانی سیستمەکانی تۆپهاوێژ و بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتەدا.
پێشبینی دەکرێت وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕۆژی پێنجشەممە بگەنە ئەڵمانیا و کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن لەسەر هەماهەنگییەکان بۆ دابینکردنی پێویستییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا.
شۆڵز جەختی لە پابەندبوونی ئەڵمانیا کردەوە بۆ پتەوکردنی ئۆکرانیا، بەڵام ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو کارە بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ " هاوڕێ و هاوبەشەکانماندا."
سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ بەرلین سەرەتا لەگەڵ سەرۆکی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمێردا کۆبۆوە، شمیگاڵ لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لە " ڕەوشە سەربازییەکە و پتەوکردنی سزاکان و پێویستییەکان کرد بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا."
شمیگاڵ سوپاسی ئەڵمانیاشی کرد بۆ " دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ ئۆکرانییەکان و پشتیوانیکردنیان."
وتەبێژی سەرۆکی ئەڵمانیا وتی " ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە وەستانی لە پاڵ ئۆکرانیادا." شتاینمیێر لەسەر ئەو بابەتە شمیگاڵی دڵنیا کردۆتەوە.
تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا کۆمەڵێک چەکی قورسی داوە بە ئۆکرانیا، لەوانەش موشەک هاوێژەر و هاویتزەر و موشەکی دژە فڕۆکە.
چەکە قورسترەکانی دیکەی وەکو سیستمی بەرگری ئاسمانی ئایریس – تی و چەکی دژ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئەو موشەک هاوێژەرانەی کە دەکرێت لەسەر ئوتومبێلەکان جێگیر بکرێن لە پاکێجێکی سەربازی دیکەدان کە بەهاکەیان دەگاتە زیاتر لە 500 ملیۆن یۆرۆ.
لە ئێستادا سەربازانی ئۆکرانیا لە ئەڵمانیا لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی تانکی لیۆپاردی دژە فڕۆکە مەشقییان پێدەکرێت.
سەرچاوە/ فرانس پرێس