Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا داوای موشەک و سیستمی بەرگری ئاسمانی لە یەکێتی ئەوروپا دەکات


سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیگاڵ ڕۆژی دووشەممە داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد موشەک و پێداویستی زیاتر بدەن بە کیێڤ، هاوکات پێشنیاری ئەوەی کرد ئۆکرانیا یارمەتی یەکێتی ئەوروپا بدات لە دابینکردنی گازدا تاوەکو پشت بەستنیان بە گازی ڕووسیا کەم بکەنەوە.

شمیگاڵ دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵەی ئۆکرانیادا لە بڕۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " چەکی نوێی زیاترمان دەوێت، لەوانەش سیستمی بەرگری ئاسمانی و سیستمی موشەکی بەرگری و بەرگری دەریایی."

وتیشی وڵاتەکەی پێویستی بە فڕۆکە و ئوتومبێلی زریپۆشی زیاترە، لەکاتێکدا کە ڕووسیا هیچ ئاماژەیەکی نەداوە لەسەر ئەوەی نیازی هەبێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.

هەفتەیەک لەمەوبەر ئۆکرانیا دەستیکرد بە هێرشە پێچەوانەکانی، ئەمەش لە گەورەترین هێرشیدا لە دوای ئەوەی لە مانگی سێدا هێزەکانی ڕووسیایان لە قەراغ کیێڤی پایتەخت دوورخستەوە.

ڕۆژی دووشەممە کیێڤ ڕایگەیاند دوو شارۆچکەی لە باشوور و شارۆچکەیەکی لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە کۆنتڕۆڵ کردۆتەوە، هاوکات یەکێتی ئەوروپا ڕووبەڕووی زیادبوونی نرخەکانی سوتەمەنی بۆوە دوای ئەوەی ڕووسیا هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریمی بۆ ئەڵمانیا بە داخراوەیی هێشتەوە.

شمیگاڵ پێشنیاری ئەوەی کرد دەکرێت ئۆکرانیا گاز هەناردەی یەکێتی ئەوروپا بکات تاوەکو پشتبەستنی وڵاتانی یەکێتییەکە بە گازی ڕووسی کەم بکاتەوە.

شمیگاڵ گوتی " دەتوانین بەشێکی زۆری ئەوەی ڕووسیا هەناردەی دەکات ئێمە دابینی بکەین."

گوتیشی " 30 ملیار مەتر چوارگۆشە گازمان لە عەمبارەکانماندا هەیە، دەتوانین هەندێکی بدەین بە هاوبەشە ئەوروپییەکانمان تاوەکو لەم بازاڕە ناجێگیرەدا جێی فیدراسیۆنی ڕووسیا بگرینەوە."

هاوکات بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ بەڵێنیدا یەکێتییەکە بەردەوام بێت لە پشتیوانییەکانی بۆ کیێڤ.

بۆڕێڵ گوتی " هەتاوەکو پێویست بکات و چەندی بوێت لەڕووی سیاسیی و دارایی و مرۆیی و سەربازییەوە پشتیوانی دابین دەکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG