سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ڕۆژی هەینی تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای ئەو سەدان کەسەدا کە بڕوامان وایە هێشتا لەژێر پاشماوەی بینا بۆردومانکراوەکەی شانۆکەی شاری ماریوپۆڵدا گیرییان خواردووە.
چالاکەوانێکی مافەکانی مرۆڤ لیودمیلا دێنسۆڤا لە ماوەی ڕابردوودا وتی 130 کەس لەژێر پاشماوەی بیناکەدا ڕزگارکراون، وتیشی بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەک نیە لەسەر زیاتر لە 1000 کەس کە بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن بیناکەیان وەکو پەناگە بەکارهێناوە و لەکاتی بۆردومانەکەدا لەناو بیناکەدا بوون.
ئۆکرانیا ڕووسیای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی بینای شانۆکە لە ڕۆژی چوارشەممەدا. ڕووسیا ڕەتی کردۆتەوە بۆردومانی ئەو بینایەی کردبێت یاخود هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " هێشتا سەدان کەس لە دانیشتوانی ماریوپۆڵ لەژێر پاشماوەکەدا ماونەتەوە، سەرەڕای بۆردومانەکان و سەرەڕای قورساییەکان، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ڕزگارکردنیان."
بەرپرسانی ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانیەکانیان ڕانەگەیاندووە.
دێنیسۆڤا وتی " تیمەکانی فریاکەوتن کاردەکەن. تەنها ئەم زانیارییە هەیە : 130 کەس لەژیاندا ماون و هێندراونەتە دەرەوە. ئەوانی دیکە چاوەڕێی یارمەتی دەکەن."
وتیشی " بەپێی داتاکانمان هێشتا زیاتر لە 1,300 کەس لەوێ ماونەتەوە کە لەژێر زەمینەکانی بیناکەدا بوون لەکاتی بۆردومانەکەدا."
ئەنجومەنی شاری ماریوپۆڵ لە ماوەی ڕابردوودا وتی زیاتر لە 1000 کەس ژێر بینای شانۆکەیان وەکو پەناگە بەکارهێناوە و لەوێ ماونەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز