Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت بارودۆخی ماریوپۆڵ " زۆر سەختە "


ڕۆژی دووشەممە ئۆکرانیا وتی بارودۆخی شاری ماریوپۆڵ " زۆر سەختە " و نەتوانراوە ڕێڕەوێکی مرۆیی نوێی پارێزراو بکرێتەوە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارەکەدا، ئەمەش دوای ئەوەی ئۆکرانیا دوائاگادارییەکەی ڕووسیای بۆ خۆبەدەستەوەدان ڕەت کردەوە.

سوپای ڕووسیا فەرمانی بە ئۆکرانییەکانی ناو شاری ماریوپۆڵ کردووە تاوەکو کاتژمێر 5 ی بەیانی خۆیان بدەن بەدەستەوە، وتی ئەوانەی خۆیان بەدەستەوە دەدەن ڕێگەیان پێدەدرێت لەڕێی ڕێڕەوە پارێزراوەکانەوە شارەکە جێبهێڵن.

جێگری سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا ئایرینا ڤێرێشچوک وتی " بێگومان ئەو داوایەمان ڕەت کردەوە."

شاری ماریوپۆڵ پێش جەنگەکە 400.000 دانیشتووی هەبوو. لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە گەمارۆدراوە و بەردەوام لەژێر بۆردومانەکاندا بووە و ئاو و خۆراک و دەرمان و کارەبای تیادا نەماوە.

ڤێرێشچوک وتی گەیشتووین بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕووسیادا بۆ کردنەوەی هەشت ڕێڕەوی مرۆیی بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارە گەمارۆدراوەکانی ئۆکرانیادا، بەڵام ماریوپۆڵی تیادا نەبووە. ڕووسیاش ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج.

وتیشی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێک لە ماریوپۆڵ بەردەوام شکستیان هێناوە. وتیشی " بارودۆخەکە لە ماریوپۆڵ زۆر سەختە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG