Accessibility links

سەرۆکی شارەوانی ماریوپۆڵ: ژیانی ئەو کەسانەی لە ماریوپۆڵ گیرییان خواردووە لە دەستی پوتندایە


سەرۆکی شارەوانی ماریوپۆڵ ڤادیم بۆیچینکۆ
سەرۆکی شارەوانی ماریوپۆڵ ڤادیم بۆیچینکۆ

سەرۆکی شارەوانی ماریوپۆڵ ڤادیم بۆیچینکۆ بە ڕۆیتەرزی وت بە تەنها سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو 100,000 هاوڵاتیە بدات کە لە ماریوپۆڵی خاپوورکراو گیرییان خواردووە، وتیشی وێنەی مانگە دەستکردەکان شوێنی گۆڕی بە کۆمەڵ دەردەخەن کە بەڵگەن لەسەر ئەوەی ڕووسییەکان مردووەکان دەنێژن تاوەکو ژمارە ڕاستەقینەکەی کوژراوان بشارنەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا پوتن سەرکەوتنی لە شەڕەکەی ماریوپۆڵدا ڕاگەیاند، ئەوەش نزیکەی دوو مانگ لە گەمارۆدانی شارەکە و شەڕ و پێکدادانێکی سەخت و کەوتنەوەی خراپترین قەیرانی مرۆیی لە شارەکەدا. شارەکە بەردەوام بۆردومان دەکرا و هاوڵاتیانی شارەکەش بەبێ ئاو و کارەبا و گەرمی ماونەتەوە.

بۆیچینکۆ لە چاوپێکەوتنێکدا وتی " زۆر گرنگە لەوە تێبگەین ژیانی ئەو هاوڵاتیانەی کە هێشتا لەوێ ماون لەژێر دەستی تەنها یەک کەسدان، ڤلادیمیر پوتن. هەروەها لەمە بەدواوە هەر کەسێکیش بمرێت لەسەر دەستی ئەوە."

ڕۆژی پێنجشەممە پوتن وتی هێزەکانی ڕووسیا ماریوپۆڵییان " ئازاد کردووە."

بۆیچینکۆ دەڵێت " هیچ پلانێک نەبووە بۆ ئازادکردنی شارەکە. پلانەکە وێرانکاری بووە." وتیشی لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە سەدا 90 ی شاری ماریوپۆڵی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا زیانی بەرکەوتووە یاخود کاولکراوە.

وتیشی " ئەمڕۆ لە سەرجەم ئاستەکاندا تەنها گفتوگۆ لەسەر یەک شت دەکەین، ئەوەش ئاگربەستە، پێویستمانە سەرجەم ئەو 100,000 هاوڵاتییەی ماریوپۆڵ بگوازینەوە کە دیلی بەردەستی هێزەکانی ڕووسیان و دەمانەوێت سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە ئازۆڤستاڵن ئازادییان بکەین."

لەکاتێکدا هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی زۆرینەی شارەکەیان کردووە، ژمارەیەک لە سەربازانی ئۆکرانیا هێشتا لە تونێلەکان و ژێرزەمینەکانی وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ ماونەتەوە، بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن سەدان هاوڵاتی مەدەنیش لەو شوێنەدا ماونەتەوە.

پوتن بە بەرگریکارانی ماریوپۆڵی وتووە چەکەکانیان دابنێن و خۆیان بدەن بە دەستەوە، یان بمرن.

بۆیچینکۆ وتی " سەربازەکان نایانەوێت خۆیان بدەن بە دەستەوە، ئەوان دەیانەوێت تەنها لەکاتێکدا بڕۆن کە چەکەکانیان پێبێت و بەردەوام بن لە بەرگریکردن لە نیشتیمانەکەمان، ئۆکرانیاکەمان."

سەبارەت بە گواستنەوەی هاوڵاتیانیش لە ماریوپۆڵ، بۆیچینکۆ وتی " ئەمڕۆ ڕووداوێکی مێژووی ڕوویدا، دوای 57 ڕۆژ لە جەنگ، بۆ یەکەمین جار چوار پاس ماریوپۆڵیان جێهێشت."

بەڕێوبەرایەتی شارەکە پێی وایە لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە دەیان هەزاران دانیشتووی شارەکە کوژرابێتن، هاوکات دانیش بەوەدا دەنێت کە بەهۆی بەهۆی بەردەوامی شەڕەکانەوە ناتوانرێت ژمارەی ڕاستەقینەکەی کوژراوان بزانرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە وێنەی مانگە دەستکردەکانی کۆمپانیای تەکنەلۆجیای ماکساری ئەمەریکی شوێنی گۆڕێکی بە کۆمەڵی پیشاندا کە دەکەوێتە دەرەوەی ماریوپۆڵەوە و لەم هەفتانەی دواییدا گۆڕە بە کۆمەڵەکە گەورەتر کراوە و زیاتر لە 200 گۆڕی نوێی دیکە هەڵکەندراون.
بۆیچینکۆ وتی وێنەکان بەڵگەن لەسەر ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا مردووەکان دەنێژن تاوەکو ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوانی ناو شارەکە بشارنەوە. ڕووسیا تۆمەتەکانی ئۆکرانیا سەبارەت بە تاوانی جەنگ ڕەت دەکاتەوە.

بۆیچینکۆ وتی " لەڕاستیدا ئەوان هێناوییانن و خستوویاننەتە ناو گۆڕەکەوە و ناشتوویانن، ئەمەیە کە ئەوان دەیکەن، تاوانەکانی جەنگییان لەم گۆڕە بە کۆمەڵانەدا دەشارنەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG