Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دەڵێت ڕەوشەکەی ماریوپۆڵ ڕەنگە " هێڵی سوور " بێت لە گفتوگۆکاندا


وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا وتی لەمدواییانەدا هیچ گفتوگۆیەک لەنێوان ئۆکرانیا و ڕووسیادا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە ئەنجام نەدراون و ڕەوشەکەی شاری ماریوپۆڵیش ڕەنگە " هێڵی سوور " بێت لە ئاڕاستەی گفتوگۆکاندا.

کوڵێبا بە سی بی ئێس نیوزی وت " ڕەنگە ماریوپۆڵ هێڵی سوور بێت."

ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا داوای لە هێزەکانی ئۆکرانیا کرد لە ماریوپۆڵ چەکەکانیان دابنێن و خۆیان بدەن بە دەستەوە، بەڵام هێزەکانی ئۆکرانیا ئەوەیان ڕەت کردەوە. مۆسکۆ دەڵێت زۆرینەی ناوچەکانی ماریوپۆڵیان لە هێزەکانی ئۆکرانیا پاککردۆتەوە، ئەگەر ماریوپۆڵ لەلایەن ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ بکرێت ئەوا لە سەرەتای داگیرکارییەکەیەوە تاوەکو ئێستا گەورەترین دەستکەوتی مۆسکۆ دەبێت لە ئۆکرانیا.

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دینیس شمیهاڵ وتی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ماریوپۆڵ هێشتا دەجەنگن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا داوای کردووە خۆیان بدەن بە دەستەوە.

کوڵێبا وتی " لە ڕاستیدا لەم هەفتانەی دواییدا هیچ پەیوەندییەکمان لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لەگەڵ دیبلۆماتکارانی ڕووسیادا نەبووە."

وتی " تەنها پەیوەندی کە هەمانە گفتوگۆکانی نوێنەرەکانمانن. بەردەوامن لە گفتوگۆکانیان لەسەر ئاستێکی پیشەیی، بەڵام گفتوگۆی ئاست بەرز نەبووە."

وتیشی پێشبینی ئەوە دەکات " لە هەفتەکانی داهاتوودا شەڕ و پێکدادانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا زیاتر ببن."

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ئەگەری سەردانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ ئۆکرانیا، کوڵێبا وتی دڵخۆش دەبێت بەخێرهاتنی بکات و سەردانەکە " پەیامێکی پشتیوانی " دەنێرێت.

بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا کۆشکی سپی ڕایگەیاند هیچ پلانێک لە ئارادا نیە بۆ ئەوەی سەرۆک بایدن سەردانی ئۆکرانیا بکات.

ڕۆژی هەینی وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی " سەرۆک نانێرین بۆ ئۆکرانیا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG