Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت 36 موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیای خستۆتە خوارەوە


هێزەکانی ئۆکرانیا لە کیێڤ دەڵێن شەوی ڕابردوو 36 موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان لە ناوەوە و دەرەوەی کیێڤی پایتەخت خستۆتە خوارەوە، دوو کەسیش بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی موشەک و فڕۆکەکانەوە بریندار بوون.

لە سەرەتای مانگی پێنجەوە ڕووسیا نزیکەی 20 هێرشی موشەکی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردۆتە سەر کیێڤ، ئەمەش لە زیادبوونێکی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر کیێڤدا کە حکومەتی ئۆکرانیا دەڵێت ئامانج لێی تێکدانی ئامادەکارییەکانی ئۆکرانیایە بۆ هێرشە بەرپرچدەرەوە گەورەکەی.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە 15 موشەکی کروز و 21 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان خستۆتە خوارەوە.

وتی "داگیرکەران ناوەستن لە هەوڵەکانییان بۆ تیرۆرکردنی پایتەختی ئۆکرانیا لە ڕێی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە."

بەرپرسانی سەربازی کیێڤ ستایشی بەرگریی ئاسمانی شارەکەیان کرد و وتیان هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

لە ناوچەیەکی دەرەوەی کیێڤدا بەرپرسان وتیان بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەکانەوە دوو کەس بریندار بوون، منداڵێکیشیان تێدایە.

ئۆکرانیا دەڵێت زۆربەی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هێزەکانی ڕووسیایان لە هێرشەکەدا خستۆتە خوارەوە، بەڵام منداڵێکی تەمەن 9 ساڵ لە نێو ئەو سێ کەسەدا بووە کە لە هێرشێکی موشەکیدا بۆ سەر کیێڤ لە ڕۆژی پێنجشەممەدا کوژراوە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ڕووسیا ئاماژەیان بەوەدا ڕۆژی هەینی هێرشی نوێ هەبوون لە ئۆکرانیاوە بۆ سەر ناوچەکانی ڕووسیا و دوو موشەکی مەودا دوور بەکارهێندراون بۆ بە ئامانجکردنی ژێرخانێکی نەوت و وزە لە باکووری ڕووسیادا، بەڵام هیچ ئاگرکەوتنەوەیەک و زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG