Accessibility links

زێلێنسکی دەڵێت ئۆکرانیا پێگەکانی لە هەرێمی کورسکی ڕووسیا پتەوتر دەکات


ڕۆژی شەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی هێزەکانی وڵاتەکەی پێگەکانییان لە هەرێمی کورسکی ڕووسیا پتەوتر کردووە، ئەمەش دوای نزیکەی دوو هەفتە لە چوونە ناو خاکی ڕووسیاوە.

ئۆکرانیا دەڵێت لە 6 ی مانگی هەشتەوە دەستییان گرتووە بەسەر زیاتر لە 80 نیشتەجێدا لە زیاتر لە 1150 کم موڕەبەعدا لە هەرێمی کورسک، ئەمەش بە گەورەترین لەشکرکێشی دادەنرێت بۆ سەر ڕووسیا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.

زێلێنسکی وتی سەرکردەی سوپای ئۆکرانیا ئۆلیکساندەر سیرسکی باسی لەوە کردووە هێزەکانی ئۆکرانیا بەردەوامن لە پێشڕەوییەکانییان و سەربازی زیاتری ڕووسیاییان بە دیل گرتووە.

زێلێنسکی لە بەیاننامەیەکدا وتی " سوپاسی سەرجەم ئەو سەرباز و فەرماندانە دەکەم کە سەربازانی ڕووسیا بە دیل دەگرن و سەربازەکانمان و هاووڵاتیانمان ئازاد دەکەن کە لەلایەن ڕووسیاوە گیراون."

وتیشی " جەنەڕاڵ سیرسکی باسی لە پتەوکردنی پێگەی هێزەکانمانی کردووە لە هەرێمی کورسک و هەروەها فراوانکردنی ناوچە جێگیرکراوەکە."

سوپای ئۆکرانیا لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەیدا وتی هێزەکانی وڵاتەکە سەرکەوتووانە پێشڕەوی زیاتر دەکەن بە ناو کورسکدا، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا. پێشتر وتبووی 35 کم پێشڕەوییان کردووە.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەوە پشتڕاست بکاتەوە.
ڕووسیا لەشکرکێشییەکەی ئۆکرانیای بە کارێکی گەورەی وروژێنەر ناوبردووە و بەڵێنیداوە بە " وەڵامێکی شایستە " تۆڵە بکاتەوە.

مۆسکۆ دەڵێت ئۆکرانیا چەکی ڕۆژئاوایی بەکاردەهێنێت، ڕەنگە سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکای بەکارهێنابێت بۆ لە ناوبردنی پردێک و کوشتنی ئەو خۆبەخشانەی کە هەوڵی گواستنەوەی هاووڵاتیانی سڤیلییان داوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG