فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤی ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە وتی هەموو شەوەکە ناوچەکە لە ژێر بۆردومانی ڕووسیادا بووە، سوپای ئۆکرانیاش وتی بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە 28 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان لە کۆی 29 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیایی خستووەتە خوارەوە، وتیشی فڕۆکەکان بە ئاڕاستەی چەندین هەرێمی ئۆکرانیا هەڵدراون.
فەرمانڕەوای خارکیڤ ئۆلی سینیهوبۆڤ وتی کەوتنە خوارەوەی پارچەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە چەندین خانوو و لانیکەم سێ کەسیش بریندار بوون.
فەرمانڕەوای هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک سێرهێی لیاسک وتی کەوتنە خوارەوەی پارچەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تێکشێندراوەکان بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە بینا بازرگانییەکان.
ئەم هێرشانەش دوای ئەوە هاتن سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی جارێکی دیکە داوای لە هاوپەیمانەکانی کردەوە سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاتر و فڕۆکەی شەڕکەری نوێ بدەن بە ئۆکرانیا.
زێلێنسکی وتی " بە داخەوە جیهانی ئازاد هێشتا کارا نیە لەم دوو ئەرکەدا. بەڵام هێشتا دید و کارێکی ئومێدبەخشمان لەگەڵ چەندین هاوبەشدا هەیە، هەرچی لە تواناشماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی ئەو ڕۆژە بە زووترین کات دێت کە بتوانین هێزی ' پاتریۆتەکان ' زیاد بکەین بۆ هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتمان، لەوانەش خارکیڤ و سومی و ئەوانی دیکەش."
ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی بەرگرییە ئاسمانییەکانی موشەکێکی ئاڕاستەکراو و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان بەسەر هەرێمی بێلگۆرۆدەوە خستووەتە خوارەوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەشییان بەسەر هەرێمی کورسکەوە خستووەتە خوارەوە.
فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسیا کە سنووری بە ئۆکرانیاوەیە ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ وتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا لە ئوتومبێلێکی داوە و لانیکەم کەسێکی کوشتووە.
ڕۆژی دووشەممە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و لانیکەم 50 سەرکردەی بەرگریی دیکە لە ئەوروپا و سەرانسەری جیهانەوە کۆبوونەوە و تاوتوێی پشتیوانییە سەربازییەکەیان کرد بۆ ئۆکرانیا، لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی هێرشێکی نوێی ڕووسیا بووەتەوە لە هەرێمی خارکیڤ.
ئۆستن وتی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممە " لە ساتێکی ئاڵنگاریدا " بووە و بەڵێنیدا " هەفتە بە هەفتە " چەکی ئەمەریکایی بگوازێتەوە بۆ ئۆکرانیا.
لە کۆتایی مانگی چواردا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و کۆنگرێسی ئەمەریکا پاکێجێکی یارمەتییان بە بەهای 61 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد، ئەوەش دوای چەند مانگێک لە ناکۆکییەکان لە نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکاندا لە کۆنگرێس لەسەر پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا.
لەو ماوەیەدا ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا چڕکردەوە، بە تایبەتی لە هەڵمەتەکەیدا لە خارکیڤ.
ڕۆژی دووشەممە ئۆستن وتی نوێترین پاکێجی یارمەتییەکانی ئەمەریکا یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن لە خارکیڤ و ئەو ناوچانەی دیکەش کە ڕووبەڕووی فشاری ڕووسیا بوونەتەوە تێیاندا.
وتی " پێشتر زۆرێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئۆکرانیامان جێبەجێ کردووە و گەیاندووماننەتە ئۆکرانیا، یارمەتی زۆر زیاتریش لە ڕێگەدان. لەوانەش تەقەمەنی سیستمی بەرگری ئاسمانی ناسامس، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت، سیستمی زیاتری هیمارس، تەقەمەنی و موشەکی دژە فڕۆکەی ستینگەر، موشەکی جاڤیلینی دژە تانک و ئەی ت 4 ی سیستمی دژە زریپۆش. ئەم پاکێجە ئوتومبێلی زریپۆشیش لە خۆدەگرێت. ئەوەش گرنگە بۆ کارەکەی ئۆکرانیا لە دووبارە بونیادنانەوەی جبەخانەکەیدا."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
ئۆکرانیا 28 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا دەخاتە خوارەوە، لە کاتێکدا خارکیڤ ڕووبەڕووی هێرشەکان بووەتەوە