Accessibility links

ئۆکرانییەکان خۆپیشاندان دژی هەڕەشەکانی ڕووسیا ئەنجام دەدەن


خۆپیشاندەرانی شاری هورکیڤ
خۆپیشاندەرانی شاری هورکیڤ

هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکانی دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیا و دەیانوت " هورکیڤ شارێکی ئۆکرانییە و دوژمنکارییەکانی ڕووسیا بوەستێنن." ئەمەش لەکاتێکدا وڵاتەکە ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆتەوە بۆ سەر وڵاتەکە.

دوابەدوای جێگیرکردنی هەزاران سەربازیی ڕووسی لەسەر سنووری ئۆکرانیا، چەند هەفتەیەک لە گفتوگۆکانی نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕووسیا هیچ ئەنجامێکی بەرچاوییان لێنەکەوتۆتەوە.

مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام داوای گرەنتی ئەمنی کردووە، داوای لە ناتۆ کردووە ڕێگە نەدات هەرگیز ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.

هورکیڤ شارێکی پیشەسازییە و دەکەوێتە دووری 42 کیلۆمەتر لە سنووری ڕووسیاوە، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی وتی لەوانەیە ئەو شارە ئامانجی ڕووسیا بێت.

خۆپیشاندەرانی هورکیڤ سرودی نیشتیمانی وڵاتەکەیان دەوتەوە و ئاڵای ئۆکرانیایان بەرزکردبۆوە، هەروەها ئاڵای وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆکرانیاشیان بەرزکردبۆوە، لەوانەش ئاڵای ئەمەریکا و بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا.

دانیشتوویەکی هورکیڤ بە ناوی نینا کڤیتکۆوە وتی " خەڵکەکە هاتوونەتە سەر شەقامەکان تاوەکو پیشانی بدەن هورکیڤ شارێکی ئۆکرانیە و نایدەین بەدەستەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG