Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت گفتوگۆکانی جەددە بەرهەمییان هەیە، ڕووسیا دەڵێت ئەو گفتوگۆیانە شکست دەهێنن


بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا دەڵێت گفتوگۆکان لە سعودیە بۆ بونیادنانی ڕێگەیەک بەرەو چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ جەنگەکە لەگەڵ ڕووسیادا بەرهەمییان هەبووە، بەڵام مۆسکۆ وتی گفتوگۆکان شکست دەهێنن و هەوڵێکی ئۆکرانیان بۆ ئەوەی وڵاتانی ئافریکا و ئەمەریکای لاتین و کاریبیان و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا و بەشێکیش لە وڵاتانی ئۆشیانیا ڕابکێشن بەلای خۆیاندا.

زیاتر لە 40 وڵات بە چین و هیندستان و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپاشەوە جگە لە ڕووسیا بەشدارییان لە گفتوگۆکانی جەددەدا کردووە کە پێشبینی دەکرێت ڕۆژی یەکشەممە بەبێ هیچ بەیاننامەیەکی کۆتایی تەواو ببێت.

ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی وتوویانە گفتوگۆکان هەوڵێکن بۆ دەستکەوتنی پشتگیرییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەرجانەی کە کیێڤ دەیەوێت ببنە بنچینەی ئاشتی، لەوانەش، کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و ڕادەستکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ئاماژەی بەوە داوە دەیەوێت لوتکەیەکی جیهانی بەڕێوەبچێت، لەسەر ئەو خاڵانەی کە ساڵی ڕابردوو وەکو مەرجێک بۆ ئاشتی پێشنیاری کردن.

سەبارەت بە گفتوگۆکانی جەددە، بەرپرسی ستافی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئاندرێ یەرماک لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕاوێژکارییەکی زۆر بەرهەمدارمان کردووە لەسەر بنچینە سەرەکییەکان کە دەبێت ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەییان لەسەر بونیادبنرێت."

دەزگای ڕاگەیاندنی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردەوە کۆبوونەوەکە لە جەددە " ڕەنگدانەوەی هەوڵە شکست خواردووەکانی ڕۆژئاوایە " بۆ ئەوەی وڵاتانی کاریبیان و ئافریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا و بەشێک لە وڵاتانی ئۆشیانیا ڕابکێشێت بەلای هەڵوێستی زێلێنسکیدا.

لە کاتێکدا کە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکرانیا دەربڕیوە، بەڵام وڵاتانی دیکەی جیهان دوودڵن لەسەر ئەوەی پشتگیری لە لایەنێک بکەن لە جەنگەکەدا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دەیانەوێت کۆتایی بەم جەنگە بهێندرێت کە زیانی بۆ ئابووری جیهان هەبووە.

شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن بەشداریکردنی چین لە گفتوگۆکاندا کە پێشتر لە گفتوگۆکانی کۆپنهاگندا بەشداری نەکرد و تاوەکو ئێستا داگیرکارییەکەی ڕووسیای لە ئۆکرانیا سەرکۆنە نەکردووە، پێدەچێت گۆڕانکارییەک بێت لە هەڵوێستەکەیدا، بەڵام گۆڕانکارییەکی گەورە نییە.

دیبلۆماتکارانی ڕۆژئاواش جەختییان لە ڕۆڵی عەرەبستانی سعودیە کردووەتەوە کە توانیویەتی ئەو ژمارە زۆرە لە وڵاتان کۆبکاتەوە، هەروەها پەرە بە پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ چیندا و هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤیشدا پاراستووە.

یەرماک وتی ڕاوبۆچوونی جیاواز هەن لە گفتوگۆکاندا لە سعودیە و بە " گفتوگۆیەکی زۆر کراوە و ڕاستگۆیانە " ناویبرد.

وتی سەرجەم ئەو وڵاتانەی بەشدارییان کردووە پابەندبوونی خۆیان پیشانداوە بە بنچینەکانی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG