Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل: " چەند بتوانین " یارمەتی ئۆکرانییەکان دەدەین


تەل ئەڤیڤ، ئیسڕائیل
تەل ئەڤیڤ، ئیسڕائیل

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە وتارێکی پێشکەشی پەرلەمانی ئیسڕائیل کرد و تیایدا پرسی بۆچی ئیسڕائیل تاوەکو ئێستا سیستمی بەرگری موشەکی نەداوە بە ئۆکرانیا یاخود سزای بەسەر ڕووسیادا نەسەپاندووە.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی زێلێنسکی دایەوە و وتی ئیسڕائیل نەخۆشخانەیەکی کاتی لە ئۆکرانیا دامەزراندووە و یارمەتی مرۆیی دیکەی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە، وتیشی " چەند بتوانین " بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی گەلی ئۆکرانیا.

ئیسڕائیل کە وەکو نێوەندگرێک وایە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا، سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیای کردووە. بەڵام خۆی بەدوورگرتووە لە گرژکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆدا.

زێلێنسکی کە خۆی جووە لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا بە پەرلەمانی ئیسڕائیلی وت " هەمووان دەزانن سیستمە بەرگرییە موشەکییەکانی ئێوە باشترینن، هەمووان دەزانن ئێوە دەتوانن یارمەتی خەڵکەکەمان بدەن، ژیانی ئۆکرانییەکان ڕزگار بکەن، ژیانی جووەکانی ئۆکرانیا ڕزگار بکەن."

وتی " دەتوانین بپرسین بۆچی تاوەکو ئێستا چەکمان لە ئێوەوە وەرنەگرتووە، بۆچی ئیسڕائیل سزای توندی بەسەر ڕووسیادا نەسەپاندووە یاخود بۆچی فشاری نەخستۆتە سەر کارەکانی ڕووسیا."

زێلێنسکی وتی " بە هەر شێوەیەک بێت، بژاردەکە لای ئێوەیە، بەڵام دواتر دەبێت لەگەڵ وەڵامەکەتاندا بژین."

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە مۆسکۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کۆبۆوە، لەو کاتەوە چەند جارێک لەگەڵ زێلێنسکیدا قسەی کردووە، بێنێت یەکێک بوو لە زیاتر لەو 100 ئەندام پەرلەمانەی ئیسڕائیل کە بەشداریکرد لە پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەدا.

بێنێت تاوەکو ئێستا و دوای وتارەکەی زێلێنسکی هیچ لێدوانێکی نەداوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG