Accessibility links

ئۆکرانیا هەنگاو دەنێت بەرەو پچڕاندنی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان لەگەڵ ئێراندا


وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دەڵێت پێشنیارێک پێشکەشی سەرۆکی وڵاتەکە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەکات و تیادا بە فەڕمی داوا دەکات ئۆکرانیا پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان لەگەڵ ئێراندا بپچڕێنێت، ئەمەش دوای شەپۆلێک لە هێرشەکانی ڕووسیا کە ئۆکرانیا دەڵێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانییان تیادا بەکارهێناوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی " کامیکازی " دژ بە ئۆکرانیا هەڵدا، ژێرخانەکانی وزەی کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی.

ئۆکرانیا دەڵێت هێرشەکان لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید – 136 ی ئێرانییەوە ئەنجام دراون. تاران ڕەتی دەکاتەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دابێت بە ڕووسیا.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا وتی کیێڤ دڵنیایە لەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئێرانی بوون و ئامادەیە " بەڵگەیەکی گەورە " بخاتە ڕوو بۆ ئەو وڵاتانەی ئەوروپا کە گومانییان هەیە.

کوڵێبا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " تاران بە تەواوەتی بەرپرسە لە لەناوبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئۆکرانیادا. پێشنیارێک پێشکەشی سەرۆکی ئۆکرانیا دەکەم تاوەکو زیان بە پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ ئێراندا بگەیەنێت."

هەروەها داواشی لە یەکێتی ئەوروپا کرد سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنن " بەهۆی یارمەتیدانی ڕووسیاوە لە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنیدا."

وتی " سەپاندنی سزای توند بەسەر ئێراندا ئێستا زۆر گونجاوە، لە کاتێکدا کە شایەتحاڵی ئەو هەواڵانەین سەبارەت بە نیازەکانی ئێران بۆ پێدانی موشەکی باڵیستیکی بە ڕووسیا و بەکارهێنانیان دژی ئۆکرانییەکان."

وتیشی " کارەکانی ئێران چەوت و هەڵخەڵەتێنەرن، هەموو ئەو کارانە لە کاتێکدا بوون کە ئێران پێی وتین پشتگیری لە جەنگ ناکەن و بە چەکەکانیشیان پشتیوانی لە هیچ لایەنێک ناکەن."

کوڵێبا ئاماژەشی بەوەدا کیێڤ تێبینییەکی فەڕمی دەنێرێت بۆ ئیسڕائیل و تیایدا داوای سیستمی بەرگری ئاسمانی و هاریکاری دەکات لەو بارەیەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG