جێگری وەزیری تەندروستی ئۆکرانیا ئۆلێکسی لارێمێنکۆ وتی سەرەڕای بەردەوامبوونی بۆردومانەکانی ڕووسیا، یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئۆکرانیا کەمبوونەتەوە.
لارێمێنکۆ لە کۆگایەکدا لەنزیک فڕۆکەخانەی چۆپینی وارشۆ لەمیانەی گەیشتنی کۆمەڵێک پێداویستی تەندروستی کە لەلایەن ڕێکخراوی خێرخوازی دایرێکت ڕیلیفەوە ئاسانکاری بۆ کراوە، وتی سوپاسگوزاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیم بۆ ئەو یارمەتییانەی کە تاوەکو ئێستا ڕەوانەی ئۆکرانیایان کردووە.
لارێمێنکۆ وتی بێگومان پێویستمان بە یارمەتی دیکەیە، هەروەها داوای لە ڕێکخراوەکانی دیکە کرد یارمەتی بنێرن.
لارێمێنکۆ بە ڕۆیتەرزی وت " هەفتەی ڕابردوو تێبینی ئەوەمان کرد ئاستی یارمەتییە مرۆییەکان تۆزێک کەمتربوونەتەوە. هیوادارین ئەوە تەنها وەستانێک بووبێت بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێ، چونکە دوژمنکارییەکانی ڕووسیا لە زیادبووندایە و ئەوان بۆردومانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن."
وتی " ئەوەی ئێمە داوای دەکەین، ئەگەر بتوانن پشتیوانیمان بکەن، تکایە هەر ئێستا پشتیوانیمان بکەن. چاوەڕێ مەکەن بۆ چەند هەفتە و مانگێک، چونکە ئێمە ئێستا پێویستمان بە پشتیوانییە."
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ململانێکانی ناو ئۆکرانیا بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی و ئاوارەبوونی نزیکەی 10 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەرپرسێکی تەندروستی ئۆکرانیا: یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئۆکرانیا کەمبوونەتەوە
