Accessibility links

بەپێی ڕێککەوتنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئۆکرانیا گەورەترین کاروانی گەنم هەناردە دەکات


بەندەری ئۆدێسا، ئۆکرانیا
بەندەری ئۆدێسا، ئۆکرانیا

بەپێی ڕێکەوتنەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان، کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی کرد، ئۆکرانیا وتی گەورەترین کاروانی بارە گەنمی هەناردە کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە 13 کەشتی بەندەرەکانی ئۆکرانیایان بە 282,500 تەن بەرهەمی کشتوکاڵییەوە جێهێشت و بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەڕێکەوتن.

بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ڕەوانەی هەشت وڵات دەکرێن و لە بەندەرەکانی ئۆدێسا و چۆرنۆمۆرسک و پیڤیدینی ئۆکرانیاوە لەسەر دەریای ڕەش بارکراون. بەندەرەکانی ئۆکرانیا لەسەر دەریای ڕەش لەلایەن ڕووسیاوە بەتەواوەتی گەمارۆدرابوون، بەڵام لە 22 ی مانگی حەوتدا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا، ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێکەوتن لەسەر دووبارە کردنەوەی بەندەرەکان و هەناردەکردنەوەی گەنمی ئۆکرانیا.

وەزارەتی ژێرخانی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەوە تاوەکو ئێستا 86 کەشتی بەندەرەکانی ئۆکرانیایان جێهێشتووە، 2 ملیۆن تەنییان لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گواستۆتەوە بۆ 19 وڵاتی جیهان.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئۆلێ ئوستینۆ لە مانگی حەوتدا گوتی ئۆکرانیا هیوادارە بتوانێت لە هەشت بۆ نۆ مانگدا 60 ملیۆن تەن گەنم هەناردەی دەرەوە بکات، هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی ئەگەر بەندەرەکان بەباشی کار نەکەن ئەوا 24 مانگی دەوێت بۆ هەناردەکردنی ئەو بڕە گەنمە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG