Accessibility links

خانمی یەکەمی ئۆکرانیا داوای سیستمی دژە موشەک لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکات


خانمی یەکەمی ئۆکرانیا ئۆلینا زێلێنسکا
خانمی یەکەمی ئۆکرانیا ئۆلینا زێلێنسکا

خانمی یەکەمی ئۆکرانیا ئۆلینا زێلێنسکا وێنەی قوربانییانی ئۆکرانیای لە جەنگەکەی ڕووسیادا پیشانی یاسادانەرانی ئەمەریکادا، هەروەها وتارێکی پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد و داوای کرد سیستمی بەرگری موشەکی زیاتر بدرێت بە ئۆکرانیا تاوەکو بتوانێت ڕووبەڕووی هێرشە موشەکەکانی ڕووسیا ببێتەوە.

زێلێنسکا وێنەی لیزای پیشاندا، کە منداڵێکی ئۆکرانییە و لە هێرشێکی موشەکی ڕووسیادا لە شارۆچکەی ڤینیتسیای ئۆکرانیا گیانی لەدەستدا.

زێلێنسکا بە زمانی ئۆکرانی وتی " دەمەوێت وەکو کچێک وەکو دایکێک قسەتان بۆ بکەم نەک وەکو خانمی یەکەم. گرنگ نیە بە چی پۆست و پێگەیەک دەگەین لە ژیاندا، لەپێش هەمووشتێکەوە ئێمە هەمیشە بەشێکین لە خێزانەکانمان."

وتی " بەڵام چۆن بتوانم باس لە کاروباری ئاشتی بکەم کاتێک جەنگێکی بێ هۆکاری تیرۆریستی دژی وڵاتەکەم هەڵگیرساوە؟ ڕووسیا خەڵکەکەمان لەناودەبات."

وتیشی " من داوای چەک دەکەم، چەکێک کە بەکارناهێندرێن بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی خاکی کەسێکی دیکە، بەڵکو بۆ پاراستنی خاکی نیشتیمانێک و مافی ژیان لەسەر ئەو خاکە بەکاردەهێندرێت. داوای سیستمی بەرگری موشەکی دەکەم تاوەکو موشەکەکان منداڵان نەکوژن و سەرانسەری خێزانەکان لەناونەبەن."

وتی " دەمەوێت سەرجەم دایک و باوکان بە ئارامی بنوون."

ڕۆژی چوارشەممە سێیەمین ڕۆژی گەشتەکەی زێلێنسکا بوو بۆ ئەمەریکا، ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکندا کۆبۆوە و ڕۆژی سێشەممەش لە کۆشکی سپی پێشوازی لێکرا و لەگەڵ خانمی یەکەمی ئەمەریکا جیڵ بایدندا کۆبۆوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG