ڕووسیا دەڵێت ڕۆژی سێشەممە ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر مۆسکۆ و وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەش دەڵێت سەرجەم فڕۆکەکان لە کاتی نزیکبوونەوەیان لە شارەکە تێکشکێندراون.
سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ سێرگێی سۆبیانین وتی لە هێرشەکەی بەیانی زووی ڕۆژی سێشەممەدا دوو کەس بریندار بوون، یەکێکیان گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. دانیشتوانی چەند بەشێکی دوو بینای نیشتەجێبوون بیناکانییان چۆڵ کردووە، بەڵام دواتر گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
سۆبیانین وتی " بەیانی زووی ئەمڕۆ لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا چەند بینایەکی نیشتەجێبوون زیانێکی کەمییان پێگەیشتووە. هیچ کەسێک بە سەختی بریندار نەبووە."
فڕۆکەخانەکانی مۆسکۆ بە کراوەیی مانەوە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا بڵاوییان کردەوە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەلایەن کیێڤەوە نێردرابوون بەڵام سەرجەمییان تێکشکێندراون.
پەرلەمانتاری ڕووسیا ماکزیم ئیڤانۆڤ وتی ئەمە مەترسیدارترین هێرش بوو لە دوای هێرشی نازییەکانەوە لە جەنگی جیهانی دووەمدا، وتیشی ئێستا هیچ هاوڵاتییەک ناتوانێت خۆی لە " ڕاستییە نوێیەکە " بە دووربگرێت.
لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هێرشەکانی ئۆکرانیا لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە ناو ڕووسیادا زیاتر بوون، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە دەزگاکانی هەواڵگری ئەمەریکا پێیان وایە ئۆکرانیا لە پشت هێرشەکەی سەر کرێملنەوە بووبێت کە لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا لە ڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام درا.
ئۆکرانیا بە ئاشکرا بەرپرسیارێتی هێرشەکانی دژی ئامانجەکانی ناو ڕووسیای ڕانەگەیاندووە.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا وتی ژمارەیەک لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خراونەتە خوارەوە و زیانێکی کەم هەبووە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی فڕۆکەکانەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هێرشەکەدا بەکارهاتوون.
فەرمانڕەوای هەرێمی مۆسکۆ ئاندرێ ڤۆرۆبیۆڤ وتی چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کاتی نزیکبوونەوەیان لە مۆسکۆ خراونەتە خوارەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز