Accessibility links

ئۆکرانیا 29 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیایی دەخاتە خوارەوە


ڕۆژی سێشەممە هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند 29 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی کروزی ڕووسیای خستووەتە خوارەوە کە مۆسکۆ بەکاریهێنابوون بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمەکانی ئۆکرانیا.

سوپای ئۆکرانیا وتی زۆربەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەرێمی میکۆلایڤی باشووری ئۆکرانیا و هەرێمی دنیپرۆپیترۆڤسکی ناوەڕاستی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج.

فەرمانڕەوای هەرێمی دنیپرۆپیترۆڤسک سێرهێی لیساک وتی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکەکان زیانییان بە ناوچەیەکی پیشەسازی گەیاندووە لە شاری پاڤلۆهارد و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکیش لە کۆمپانیایەکی تایبەت لە دنیپرۆ.

هێرشەکە دوابەدوای نوێکردنەوەی بەڵێنەکانی یەکێتی ئەوروپا هات بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا، دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە کیێڤ کۆبوونەوە.

یارمەتییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا کەوتوونەتە ژێر فشارێکی سیاسییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کاندیدێکی لایەنگری ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سلۆڤاکیادا سەرکەوتنی بە دەستهێنا. سلۆڤاکیا ئەندامە لە یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆشدا. هاوکات کۆنگرێسی ئەمەریکاش لە پڕۆژە یاسای خەرجی کاتیدا یارمەتییە داراییەکانی بۆ ئۆکرانیا لابردووە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپای وت " سەرکەوتنمان بەندە بە هاریکارییەکانی نێوانمانەوە. هەتاوەکو هەنگاوەکانمان کە پێکەوە دەیگرینەبەر بەهێزتر بن، زووتر ئەم جەنگە تەواو دەبێت."

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەدا ئۆکرانیا بەردەوامە لە پاراستنی گەلەکەی و ئابوورییەکەی لە هێرشە بەردەوامەکانی ڕووسیا، وتیشی هێرشە پێچەوانەکەشی کە ئامانج لێی ئازادکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانە بە شێوەیەکی جێگیر بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە. هەروەها بە ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپاشی وت ئۆکرانیا پێویستی بە پارە و چەک و مەشقی سەربازیی زیاترە بۆ بە دەستهێنانی ئامانجەکانی. هەروەها داوای لێکردن سزاکانی سەر ڕووسیا چڕتر بکەنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک داوای کرد هەوڵ بدرێت ئۆکرانیا ئامادە بکرێت بۆ وەرزی زستان، ئەوەش لە ڕێی سیستمی بەرگری و دابینکردنی وزەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو ڕووسیا هێرشی کردە سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا.

بێربۆک وتی " زستانی ڕابردوو، شێوازێکی دڕندانەی جەنگەکەی سەرۆکی ڕووسیامان بینی. دەبێت پێکەوە ڕێگری لەمە بکەین بە هەموو ئەو شتانەی کە هەمانە. تاوەکو دەتوانین."

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا وتی ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە لە پایتەختی ئۆکرانیا دەرخستنی " پشتیوانییەکی یەکلاکەرەوە و هەمیشەییە بۆ ئۆکرانیا."

وتیشی " هەروەها پەیامێکیشە بۆ ڕووسیا کە نابێت پشت بە بێزاربوونی ئێمە ببەستێت. ئێمە لە پاڵ ئۆکرانیادا دەبین بۆ ماوەیەکی زۆر دوورودرێژ."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هانک بروینس وتی دەبێت لێپێچینەوە لە ڕووسیا بکرێت لەسەر دوژمنکارییەکانی لە ئۆکرانیادا و گرنگە لە ڕێی سزاکانەوە فشار بخرێتە سەر ڕووسیا.

وتی " دەبێت هەرچی لە تواناماندا بێت بیکەین، تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بکات، بۆ ئازادی گەلی ئۆکرانیا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG