بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی ئۆکرانیا دەڵێت وڵاتەکەی گومانی لە گروپێکی هاککەران هەیە هێرشە ئەلیکترۆنیەکەی سەر ماڵپەڕەکانی حکومەتی ئۆکرانیایان ئەنجامدابێت، گروپەکە سەر بە هەواڵگری بێلاڕوسە و هەمان ماڵوێریان بەکارهێناوە کە گروپێکی سەر بە هەواڵگری ڕوسیا پێشتر بەکارییان هێناوە.
جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگری ئۆکرانیا سێرهی دێمیدیوک بە ڕۆیتەرزی وت ئۆکرانیا بەرپرسیارێتی هێرشە ئەلیکترۆنیەکەی ڕۆژی هەینی سەر ماڵپەڕەکانی حکومەتەکەی دەخاتە ئەستۆی گروپێک بە ناوی UNC1151 ەوە و کارەکەیان داپۆشینی چەند کردەوەیەکی دیکەی ڕووخێنەر بووە کە لە پشت پەردەکانەوە ئەنجامیان داون.
لێدوانەکانی دێمیدیوک یەکەم شیکاریی ئۆکرانیایە لەسەر گومانلێکراوەکانی پشت هێرشە ئەلیکترۆنیەکەوە کە دەیان ماڵپەڕییان کردە ئامانج.
لە نامەیەکدا کە لەسەر ماڵپەڕە هاککراوەکانی حکومەتی ئۆکرانیادا دەبیندرا و بە هەر سێ زمانی ڕوسی و ئۆکرانی و پۆڵەندی نوسرابوو دەیوت " ئۆکرانیەکان ! سەرجەم زانیارییە تایبەتیەکانتان لەسەر تۆڕێکی ئینتەرنێتی گشتی دابەزێندراون. سەرجەم زانیارییەکان لەسەر کۆمپیوتەرەکان لەناوبراون، مەحاڵە دووبارە بتوانیت بیانگەڕێنیتەوە."
ئەمەش لەکاتێکدایە ڕوسیا ژمارەی هێزەکانی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا زیاد کردووە و ئۆکرانیا و ئەمەریکاش نیگەرانن لەوەی مۆسکۆ پلان بۆ دوژمنکارییەکی سەربازیی دیکە دژی ئۆکرانیا دابنێت.
ئۆفیسی سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر لێدوانەکانی دێمیدیوک نەداوە. بە هەمان شێوە وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاش هیچ لێدوانێکی لەسەر بابەتەکە نەداوە. پێشتریش ڕوسیا ڕەتی کردۆتەوە دەستی هەبووبێت لەهێرشە ئەلیکترۆنیەکاندا، بەو هێرشە ئەلیکترۆنیەشەوە کە دژی ئۆکرانیا ئەنجامدرا.
دێمیدیوک وتی " هاککردنی ئەو ماڵپەڕانە تەنها داپۆشینی چەند کارێکی ڕووخێنەری دیکە بوون کە لە پشت پەردەکانەوە ئەنجام دەدرێن و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا هەست بە دەرەنجامەکانیان دەکەین."
وەکو ئاماژەیەکیش بۆ UNC1151 ، وتی " ئەمە گروپێکی سیخووڕی ئەلیکترۆنین و سەر بە خزمەتگوزاری تایبەتی کۆماری بێلاڕوسن."
دێمیدیوک کە پێشتر سەرۆکی پۆلیسی ئۆکرانیا بووە لە بەشی ئەلیکترۆنی، وتی گروپەکە تۆمارییان هەیە لە بە ئامانجکردنی لیتوانیا و لاتیڤیا و پۆڵەندا و ئۆکرانیادا و سەرگوزشتە بڵاودەکەنەوە و تیایدا بەتوندی ڕەخنە لە بوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکەن لە ئەوروپا.
وتیشی " ئەو سۆفتوێرەی بەکارهێندراوە بۆ دزەکردنە ناو هەندێک لە سێرڤەرەکانی ماڵپەڕەکانی حکومەتی ئۆکرانیاوە لە تایبەتمەندییەکانیدا زۆر هاوشێوەی ئەو سۆفتوێرەیە کە گروپی ATP-29 پێشتر بەکارییان هێناوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ گروپێکی گومانلێکراو لە هاککردنی لیژنەی دیموکراتی نیشتیمانی بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 ی ئەمەریکا.
وتیشی " گروپەکە تایبەت بە سیخوڕی ئەلیکترۆنین و سەر بە خزمەتگوزاری هەواڵگری ڕوسیان. کارەکانیشیان لەڕێی بەکرێگرتنی کەسێک یاخود سیخوڕێکی سەر بە خۆیانەوە دەبێت لەو کۆمپانیایەدا کە دەیانەوێت هاککی بکەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز