ئۆکرانیا ئاهەنگە گشتییەکانی ئەم هەفتەیەی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەی قەدەغە کرد، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ زیادبوونی مەترسییەکانی هێرشی ڕووسیا.
ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا لە بەرەکانی پێشەوەی باشووری وڵاتەکە هێرشی موشەکی کردۆتەسەر کۆمەڵێک شارۆچکەی باکوور و ڕۆژئاوای وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا، کە لە مانگی سێدا ڕووسیا دەستی بەسەرداگرت.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە ماوەی ڕابردوودا وتی ڕەنگە ڕووسیا لە ماوەی ساڵیادی 31 ساڵەی سەربەخۆیی ئۆکرانیادا کە دەکاتە ڕۆژی چوارشەممە هەوڵی " ئەنجامدانی شتێکی خراپ " بدات.
بەرپرسانی ناوخۆی کیێڤ لە ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە ئاهەنگە گشتییەکانی پەیوەست بە ساڵیادەکەوە قەدەغە دەکەن، ئاماژەشیان بەوەداوە هۆکاری قەدەغەکردنەکە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی موشەکییە لەلایەن ڕووسیاوە.
سەرۆکی شارەوانی خارکیڤ ئیهۆر تێریخۆڤ قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە ڕۆژی سێشەممەوە تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە ڕاگەیاند، لە 4 ی دوانیوەڕۆوە تاوەکو 7 ی بەیانی ڕۆژی دواتر.
لە هەرێمی میکۆلایڤیش کە نزیکە لەو ناوچەیەی باشووری ئۆکرانیاوە کە ڕووسیا داگیریکردووە، فەرمانڕەوای هەرێمەکە ڤیتاڵی کیم وتی بەرپرسانی هەرێمەکە پلانیان داناوە فەرمان بە دانیشتوان بکەن لە ڕۆژی سێشەممە و چوارشەممەدا لە ماڵەکانی خۆیانەوە کاربکەن و داواشی لە خەڵکەکە کرد کۆبوونەوەی گەورە نەکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز