Accessibility links

ئۆکرانیا هێرش دەکاتە سەر میلیتۆپۆلی داگیرکراو و ڕووسیا دەڵێت دوو کەس کوژراون


میلیتۆپۆل
میلیتۆپۆل

بەرپرسانی سەر بە ڕووسیا لە میلیتۆپۆلی داگیرکراوی باشووری ئۆکرانیا دەڵێن ئۆکرانیا هێرشی کردۆتە سەر شارەکە.

بەرپرسانی سەر بە ڕووسیا دەڵێن بەهۆی هێرشێکی موشەکی ئۆکرانیاوە بۆ سەر شارەکە دوو کەس کوژراون و 10 کەسی دیکە بریندار بوون، هاوکات سەرۆکی شارەوانی شارەکە کە دەربەدەر بووە وتی " ژمارەیەکی زۆر لە داگیرکەران " کوژراون.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەواڵی هێرشەکان یاخود کوژراوەکان پشتڕاست بکاتەوە.

فەرمانڕەوای میلیتتۆپۆل کە ڕووسیا لەو پۆستەدا دایناوە یەڤگینی بالیتسکی وتی " سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی دوو موشەکییان تێکشکاندووە و چوار موشەکییان ئامانجەکانیان پێکاوە."

وتیشی لە هێرشەکەی ئۆکرانیادا کە موشەکی هیمارسی تیادا بەکارهاتووە " شوێنێکی کات بەسەربردن " کە خەڵکەکە تیایدا نانییان خواردووە لە ناوچووە.

سەرۆکی شارەوانی شارەکە کە سەر بە ئۆکرانیایە و دەربەدەر بووە وتی هێرشەکە کڵێسایەکی کردۆتە ئامانج کە ڕووسییەکان کردوویانە بە شوێنێکی کۆبوونەوە.

بەرپرسێکی دیکەی ئەو بەشەی هەرێمی زاپۆریژا کە ڕووسیا داگیریکردووە وتی ئاگرێکی گەورە بەهۆی هێرشەکەوە لە شوێنی کات بەسەربردنەکەدا کەوتۆتەوە.

سیستمی موشەکی هیمارس یەکێک بووە لە کاریگەرترین چەکەکانی ئۆکرانیا لە جەنگەکەدا، بە وردی لە سەدان ئامانجی ڕووسی داوە، لەوانەش میحورەکانی سەرکردایەتی ڕووسیا. ڕۆژی هەینی ئەمەریکا وتی یارمەتی زیاتر دەنێرێت بۆ کیێڤ تاوەکو بەرگرییە ئاسمانییەکانی بەهێزتر بکات و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ناوببات.

ڕاوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا، ئۆلێکسی ئاریستۆڤیچ وتی میلیتۆپۆل کە ناوچەیەکی پیشەسازی گەورەیە و لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراوە، ناوچەیەکی سەرەکییە لە بەرگری باشووردا.

وتی " سەرجەم ئەو کارە لۆجیستیکیانەی کە هێزەکانی ڕووسیا لە بەشی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی خێرسۆنەوە بە ناوچەکانی تاوەکو سنووری ڕووسیا لە نزیک ماریوپۆڵ دەبەستنەوە، هەموویان بە میلیتۆپۆلدا دەڕۆن."

وتی " ئەگەر میلیتۆپۆل بکەوێت، سەرانسەری هێڵی بەرگری تاوەکو خێرسۆن لە ناو دەچێت. هێزەکانی ئۆکرانیا ڕێگایەکی ڕاستەوخۆیان بۆ کرایمیا دەست دەکەوێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG