Accessibility links

ئۆکرانیا هەوڵی سزای زیاتر دەدات بۆ سەر ڕووسیا


ئۆکرانیا داوا دەکات سزای زیاتری ئابووری بسەپێندرێت بەسەر ڕووسیادا تاوەکو مۆسکۆ ناچار بکەن کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، هاوکات بەرپرسانی ئۆکرانیا بەشێک لە هاوڵاتیانی شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان گواستەوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی وڵاتە دیموکراتەکانی جیهان دەبێت چیتر نەوتی ڕووسی نەکڕن و بانکەکانی ڕووسیا لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی داببڕێنن. وتیشی نیگەرانییە ئابوورییەکان نابێت لەسەروو سزادانی ڕووسیاوە بن لەسەر کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، کە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تاوانی جەنگ ناوییان بردووە.

زێلێنسکی لەمیانەی وتارەکەیدا بۆ پەرلەمانی یۆنان وتی " بۆ دوایین جار دەتوانین ڕووسیا و هەر دوژمنکارێکی دیکە فێر بکەین کە ئەوانەی جەنگ هەڵدەبژێرن هەمیشە دەدۆڕێن."

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ لە بەرژەوەندی لابردنی ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیدا.

ئەمەریکا کە مانگی ڕابردوودا هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیای قەدەغەکرد، ڕۆژی چوارشەممە هەنگاوی زیاتری گرتەبەر بۆ گۆشەگیرترکردنی ڕووسیا، سزای بەسەر دوو بانکی سەرەکی ڕووسیا و دوو کچەکەی پوتندا سەپاند، هەروەها وەبەرهێنانی ئەمەریکای لە ڕووسیا قەدەغە کرد. هەروەها داوای کردووە ڕووسیا لە کۆمەڵەی بیست لاببرێت.

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێڵ لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا وتی ڕێوشوێنەکانی یەکێتی ئەوروپا دژی ڕووسیا کە وابڕیاربوو ڕۆژی چوارشەممە ڕابگەیەندرێت، لە ڕۆژی هەینیدا ڕادەگەیەنرێن، یەکێک لە سزاکانیش قەدەغەکردنی هاوردەکردنی خەڵوزی ڕووسیا بوو، هەروەها وتیشی دواتر تاوتوێی قەدەغەکردنی نەوتی ڕووسیش دەکرێت.

فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ توندترکردنەوەی سزاکانی سەر ڕووسیا دوابەدوای ئەوە دێت وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنییان کرد لە شارۆچکەی بوچای ئۆکرانیا، کیێڤ و هاوپەیمانەکانی دەڵێن ڕووسیا بەرپرسە لە کوشتنی ئەو هاوڵاتیانە و بە تاوانی جەنگ ناوییان بردووە. ڕووسیاش ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبووبێت لە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنیدا لە بوچا.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن هێزەکانی ڕووسیا دوای کشانەوەیان لە دەوروبەری کێیڤی پایتەخت، هەوڵ دەدەن خۆیان ڕێکبخەنەوە و کۆنتڕۆڵی سەرانسەری هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکەن کە بە هەرێمی دۆنباس ناسراوە. هەرێمەکان لە ساڵی 2014 ەوە بەشێکیان لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکاندان کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت. شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراویش کە سەرۆکی شارەوانییەکەی دەڵێت هێشتا 100,000 کەس تیایدا گیرییان خواردووە، ئامانجی ڕووسیایە.

فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای بە هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچەکەی وت " بڕۆن! دەرفەتی پارێزراوی خۆتان و خێزانەکانتان لەدەستی مەرگی ڕووسی ڕۆژ بە ڕۆژ کەم دەبێتەوە."

بەرپرسانی شاری دنیپرۆش کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە داوایان لە ئافرەتان و منداڵان و بە تەمەنەکان کرد شارەکە جێبهێڵن.

سوپای ئۆکرانیا دەڵێت گرتنی شاری ماریوپۆڵ هێشتا ئامانجی سەرەکی هێزەکانی ڕووسیایە، هاوکات یەکە سەربازییەکانی ڕووسیا گەمارۆی شاری خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەدەن و بۆردومانی دەکەن.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا 4 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی ناچار کردووە وڵاتەکە جێبهێڵن، هەزاران کوژراو و برینداریش هەیە، نزیکەی 10,000,000 هاوڵاتی ئۆکرانی ئاوارە بوون، شارەکانیش کاولبوون.

ڕۆژئاوا کۆمەڵێک سزای ئابووری توندی بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، بەڵام ئۆکرانیا داوای زیاتر دەکات و داوا دەکات بەتەواوەتی هاوردەکردنی وزەی ڕووسیا قەدەغە بکرێت، سەرجەم ئەو هاوردانە ڕابگرن کە ڕووسیا بتوانێت بە پارەکەیان چەک بەرهەم بهێنێت، هەروەها چەکی زیاتر ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێن.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ دوابەدوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکە ڕێکەوتوون لەسەر پتەوکردنی پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی واشنتن تاوتوێی ئەوە دەکات چی چەکێکی نوێ ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات.

ئۆکرانیا دەڵێت پەکخستنی ئامێری جەنگەکەی ڕووسیا تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی ڕووسیا ناچار بکرێت بێتە سەر مێزی گفتوگۆکانی ئاشتی.

ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ وتی کیێڤ نوسراوێکی ڕێکەوتنێکی ئاشتی ناردووە بۆ مۆسکۆ کە هەندێک بەشی ڕێکەوتنەکە " جێی قبوڵکردن " نیە و ئەو پێشنیارانە نیە کە پێشتر ڕێکەوتنیان لەسەر کراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG