Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت 410 تەرم لە نزیک کیێڤ دۆزراونەتەوە


دادوەری گشتی ئۆکرانیا دەڵێت وڵاتەکە وەکو بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن ڕووسیاوە 410 تەرمی لە نزیک کیێڤ دۆزیوەتەوە، وتیشی هەندێک لە شایەتحاڵان ئەوەندە ترساون ناتوانن قسە بکەن.

دوای ئەوەی ڕووسیا هەندێک لە هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری کێیڤ کشاندەوە، سەرۆکی شارەوانی بوچا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای شاری کیێڤەوە و لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، وتی لەکاتێکدا چەکدارە چیچانییەکان کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان کردبوو، 300 دانیشتووی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کوژراون.

ڕووسیا ڕەتی کردۆتەوە هێزەکانی هاوڵاتیانی مەدەنییان لە بوچا کوشتبێت. مۆسکۆ دەڵێت هیچ دانیشتوویەک ڕووبەڕووی توندوتیژی نەبۆتەوە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە، هەروەها کیێڤی تۆمەتبار کرد لەسەر ئەوەی گوایە ئەمەی دروستکردووە بۆ ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژئاوا.

دادوەری گشتی ئۆکرانیا ئایرینا ڤێنێدیکتۆڤا وتی ڕۆژی یەکشەممە بۆ یەکەمین جار دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکان لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە، لێکۆڵەرەوە ئۆکرانییەکانیان توانییان بچنە ناو بوچا و ئێرپین و هۆستۆمێلەوە، وتیشی کاتی زیاترییان دەوێت تاوەکو کار لەسەر فراوانیی تاوانەکان بکەن.

ڤێنێدیکتۆڤا وتی " دەبێت لەگەڵ شایەتحاڵەکاندا کار بکەین. ئەمڕۆ خەڵکەکە ئەوەندە فشارییان لەسەرە کە ناتوانن قسە بکەن."

وتیشی تاوەکو ئێستا پشکنین بۆ 140 تەرم کراوە، وتیشی داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکات شارەزایانی شیکاری زیاتر ڕەوانەی نەخۆشخانە کاتییەکەی هەرێمی کیێڤ بکەن.

وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا دێنیس مۆناستیرسکی وتی ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا بەدیاریکراوی چەند کەس کوژراون، لەکاتێکدا کە هەوڵەکان هێشتا بەردەوامن بۆ پوچەڵکردنەوەی بۆمبە چێندراوەکان لە ناوچەکەدا.

وتی " زۆرێک لە دانیشتوانی ناوخۆی ناوچەکە بێسەروشوێنن. ناتوانین ژمارەیەکی تەواو و دیاریکراو بدەین، بەڵام خەڵکێکی زۆر مردوون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG