Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی بەرەو ئیزیوم پێشڕەوییان کردووە


ڕۆژی سێشەممە ئۆکرانیا ئاماژەی بە شەڕ و پێکدادانێکی سەخت کرد لە سەرانسەری بەرەکانی پێشەوە لەکاتێکدا هەردوولا یەکترییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا، کە ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر کەوتنەوەی کارەساتێکی ئەتۆمی.

شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە شارۆچکەکانی بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکە لە شاری دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕوویداوە، بەرپرسانی ئۆکرانیاش دەڵێن هێزەکانی ڕووسیا لە دۆنێتسک کۆمەڵێک هێرشییان ئەنجامداوە لەکاتێکدا هەوڵ دەدەن بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی هەرێمی پیشەسازی دۆنباس بکەن.

فەرمانڕەوای هەرێمی دۆنباس پاڤلۆ کیریلینکۆ دەڵێت " بارودۆخەکە لە هەرێمەکە سەختە، بۆردومانەکان لە سەرانسەری بەرەکانی پێشەوەدا بەردەوامن. دوژمن هێرشە ئاسمانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێنێت."

گوتیشی " دوژمن هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە. هەرێمی دۆنێتسک خۆی گرتووە."

لەلایەکی دیکەوە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئۆلێکسی ئاریستۆڤیچ وتی لە دەوروبەری خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، هێزەکانی ئۆکرانیا شارۆچکەی دۆڤهینکییان لەژێر دەستی داگیرکەرە ڕووسییەکاندا دەرهێناوە و بەرەو ئیزیوم پێشڕەوی دەکەن.

هەروەها لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی ستافی گشتی سوپای ئۆکرانیادا ئاماژە بەوە دراوە شارۆچکەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی خارکیڤ ڕووبەڕووی تەقەی تانک و تۆپهاوێژ و موشەکەکان بوونەتەوە.

ئاریستۆڤیچ گوتی " ڕەوشەکە زۆر سەرنجڕاکێشە. هێزەکانی ئۆکرانیا زۆر بە سەرکەوتوویی دەجوڵێن. هەوڵەکانی هێزەکانی ڕووسیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە دەستییان داون شکستیان هێناوە. ڕەنگە لە کۆتاییدا ئۆکرانیا گەمارۆیان بدات."

هاوکات لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، هێزەکانی ئۆکرانیا دووبارە پردی سەرەکی ئانتۆنۆڤسکیی سەر ڕووباری دنیپرۆیان کردۆتە ئامانج، ئەوەش بەمەبەستی پچڕاندنی هێڵی گەیاندنی پێویستییەکانی هێزەکانی ڕووسیا.

جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسەت کۆڵین کاڵ ڕۆژی دووشەممە وتی لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا ڕووسیا 70,000 بۆ 80,000 قوربانی داوە، کوژراون یاخود برینداربوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG