Accessibility links

بەڕیتانیا دەڵێت چەکی دژە تانک دەدات بە ئۆکرانیا


وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس

بەڕیتانیا ڕایگەیاند دەستیکردووە بە پێدانی چەکی دژە تانک بە ئۆکرانیا بەمەبەستی یارمەتیدانی لە بەرگریکردن لەخۆی دژی ئەگەری داگیرکردن، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیادا لەسەر سنووری ئۆکرانیا.

وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێت نیگەرانن لەوەی ڕوسیا ئامادەکاری بۆ هێرشێکی نوێ بکات بۆ سەر ئۆکرانیا، کە لە ساڵی 2014 دا دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای داگیرکرد.

وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس وتی " بڕیارمانداوە سیستمی چەکی سوکی دژە تانک بدەین بە ئۆکرانیا." ئەوەشی خستەڕوو یەکەم باری چەکەکان ڕۆژی دووشەممە گەیشتوونەتە ئۆکرانیا و ژمارەیەکی کەم لە سەربازانی بەڕیتانیا بۆ ماوەیەکی کەم لەسەر چەکەکان مەشق بە ئۆکرانیەکان دەکەن.

واڵاس بەدیاریکراوی ئاماژەی بە جۆر و ژمارەی چەکەکان نەدا، بەڵام وتی " چەکەکان ستراتیژی نین و هیچ هەڕەشەیەک بۆ ڕوسیا دروست ناکەن. بۆ بەرگریکردن لە خۆت بەکاردەهێندرێن."

وتیشی " چەکی مەودا کورتن، بەڵام وادەکات خەڵکەکە بوەستن و بیر لەوە بکەنەوە چی دەکەن، ئەگەر تانکەکان بهێندرێنە ناو ئۆکرانیاوە و ئەو وڵاتە داگیربکرێت، ئەو کاتە ئەو چەکانە بەشێک دەبن لە میکانیزمی بەرگری."

وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ پێشوازی لە ڕاگەیاندراوەکەی واڵاس کرد و وتی " ئۆکرانیا سوپاسگوزاری بڕیارەکەی بەڕیتانیایە بۆ دابینکردنی سیستمی چەکی سوکی دژە تانک و بەرگری بۆ وڵاتەکە."

لە ماوەی ڕابردوودا بەڕیتانیا هۆشداریدایە ڕوسیا لەسەر ئەوەی ئەگەر هێرشێکی سەربازیی نوێ بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا دەرەنجامێکی توندی لێدەکەوێتەوە.

واڵاس وتی بانگهێشتی وەزیری بەرگری ڕوسیا سێرگەی شوێگۆی کردووە لە هەفتەکانی داهاتوودا سەردانی لەندەن بکات و تاوتوێی قەیرانەکان بکەن، بەڵام هێشتا نازانێت ڕووسییەکان بانگهێشتەکە پەسەند دەکەن یاخود نا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG