Accessibility links

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا سەردانی ئۆکرانیا دەکات


وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ڕاگرتنی ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئۆکرانیا بەڵێن دەدات سەروەریی ئۆکرانیا بەرز ڕابگرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمەریکا وتی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا سەبارەت بە ئەگەری ڕەوانەکردنی هێزی سەربازیی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتی ناتۆ، ئەم هێزەش جیاواز دەبێت لەو 8,500 سەربازە ئەمەریکییەی کە پێشتر خراونەتە ئامادەباشیەوە.

ڕووسیا کە لە ساڵی 2014 دا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای لەخۆگرت و پشتیوانی لە هێزە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکات، داوا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکات ڕێگە نەدەن ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.

ئەمەریکا دەڵێت ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە بەمزووانە ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا، بەڵام وڵاتەکە دەبێت خۆی بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات.

وابڕیارە ڕۆژی سێشەممە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکیدا کۆببێتەوە.

جۆنسن وتی " داوا لە ڕووسیا دەکەین بکشێتەوە و گفتوگۆ بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیبلۆماتی و خۆی بەدووربگرێت کە خوێنڕشتنی زیاتر."

وتیشی " وەکو هاوڕێیەک و هاوبەشێکی دیموکرات، بەڕیتانیا بەردەوام دەبێت لە بەرز ڕاگرتنی سەروەری ئۆکرانیا بەڕووی ئەوانەدا کە دەیانەوێت بیڕوخێنن.

وابڕیارە جۆنسن تاوتوێی پشتیوانیە ستراتیژییەکانی بەڕیتانیا بکات بۆ ئۆکرانیا لەگەڵ زیلینسکیدا.

لەندەن چەکی بەرگری و سەربازی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە بەمەبەستی پێدانی مەشقی سەربازیی، بەڵام وەزیرانەی بەڕیتانیا ئاماژەیان بەوەداوە پێناچێت هێزی شەڕکەر ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەن.

ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا و بەڕیتانیا وتیان ئامادەن سزای هاوڕێ دەسەڵاتدارەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن بدەن، ئەوەش لەڕێی سڕکردنی سەرمایەکانیان و سەپاندنی قەدەغەکردنی گەشت بەسەریاندا، هەموو ئەمانە لەکاتێکدا ئەگەر ڕووسیا بچێتە ناو ئۆکرانیاوە.

بەپێی داونین ستریت، ئەو پەیوەندییە تەلەفونییەی نێوان جۆنسن و پوتن کە وابڕیاربوو ڕۆژی دووشەممە ئەنجام بدرێت، دەکرێت ڕۆژی سێشەممە بکرێت.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن لەمیانەی گفتوگۆکانی ڕۆژی دووشەممەدا ڕێکەوتن لەسەر پاراستنی گفتوگۆکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی مینسک لەسەر دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کە لەوێ ڕووسیا پشتیوانی لە جیاخوازەکان دەکات دژی حکومەتی ئۆکرانیا.

هەروەها وابڕیاریشە ڕۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسە بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG