Accessibility links

تێرێزا مەی داوا لە تورکیا دەکات بە پـێی مافەکانی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ کوردە مانگرتووەکاندا بکات


سەرۆک وەزیر بەریتانیا داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد بەپـێی مافەکانی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ کوردە مانگرتووەکاندا بکەن، ئەوانەی مانیان لە خواردن گرتووە لە پـێناو لابردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان.

خانم تێرێزا مەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی دانیشتنی پەرلەمان لە لایەن خانم لیز سڤڵ ڕۆبەرتس ئەندامی پەرلەمان داوای لێکرا حکومەتی وڵاتەکەیان فشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی تورکیا تاوەکو ڕێز لە مافەکانی کورد بگرن وە کۆتایی بهێنرێت بە تراژیدیای مانگرتنی خواردن. گوتی لەگەڵ 48 پەرلەمانتاری دیکە بۆ ئەم مەبەستە نامەیەکیان نووسیوە بۆ وەزیری دەروە.

تێرێزا مەی لە وەڵامدا گوتی ئەمە بابەتێکی گرنگە و چاوەڕوانن تورکیا بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا و ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا مامەڵە لەگەڵ زیندانیاندا بکات، لەوانە دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی گونجاو بۆیان.

گوتیشی باڵیۆزی بەریتانیا بۆ ئەنکەرە لە بارەی ئەم مانگرتنەوە وتووێژی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەریتانیا کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لەگەڵ تورکیا بۆ پشتیوانیکردنی لە مافەکانی مرۆڤی مانگرتووەکان. جەختی کردەوە وەزیری دەرەوە بە خێرایی مامەڵە لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا دەکات.

جێی ئاماژەیە هەزاران کەس لە نێو زیندانەکانی تورکیا و لە دەرەوە مانیان لە خواردن گرتووە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو گۆشەگیریەی لە ساڵی 2011 وە خراوەتە سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان.

بەپـێی هەدەپە لە ئێستادا نزیکەی 3 هەزار کەس مانیان لە خواردن گرتووە و لەم مانگانەی دوایی لەسەر ئەم مەسەلەیە 8 کەس لە زینداندا گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG