Accessibility links

بەڕیتانیا پێداویستی تەندروستی ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

حکومەتی بەڕیتانیا ڕایگەیاند وڵاتەکە ئوتومبێلی نوێی فریاکەوتن و ئوتومبێلی ئاگرکوژێنەوە و پێداویستی تەندروستی ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات، هەروەها پشتیوانی دارایی لە یارمەتیدانی شارەزایانی تەندروستی ئەو وڵاتە دەکات تاوەکو یارمەتیدەر بن لە خزمەتگوزارییە بەپەلەکاندا دوای هێرشەکانی ڕووسیا.

بەڕیتانیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا 22 ئوتومبێلی فریاکەوتن و 40 ئوتومبێلی ئاگرکوژێنەوە و کامێرای وێنەی گەرمی و نزیکەی 10,000 جلوبەرگی پارێزراو دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا.

حکومەتی بەڕیتانیا 300,000 پاوەند دەدات بە ڕێکخراوی خێرخوازی یارمەتی تەندروستی UK-Med، ئەوەش بەمەبەستی یارمەتیدانی ڕێکخراوەکە لە مەشق کردن بە پزیشکان و پەرستارانی ئۆکرانیدا تاوەکو بتوانن مامەڵە لەگەڵ قوربانییەکاندا بکەن، هەروەها بە بەهای 300,000 پاوەند دەرمان و کەلوپەلی دەرمانسازی دەدات بە ئۆکرانیا.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی " هەموومان ترساین کاتێک وێنەی ئەو نەخۆشخانانەمان بینی کە ڕووسیا بە مەبەست کردوونیەتە ئامانج."

وتیشی " ئوتومبێلە نوێیەکانی فریاکەوتن و ئوتومبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە و پشتیوانیکردنی دارایی لە یارمەتیدانی شارەزایانی تەندروستیدا یارمەتیدەر دەبن لە ئامادەبوونی زیاتری ئۆکرانییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتە تەندروستییە هەستیارەکان و ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکەکەدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG