Accessibility links

بەڕیتانیا ئامێرە چاودێرییە چینییەکان لە شوێنە حکومییە هەستیارەکاندا لادەبات


بەڕیتانیا بە نیازە ئەو ئامێرە چاودێرییانەی کە دروستکراوی چینین لە شوێنە حکومییە هەستیارەکاندا لاببات، ئەوەش وەکو بەشێک لە پلانەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو نیگەرانییە ئاسایشییانەی لەبارەی چینەوە هەن.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک ئاماژەی بەوە داوە چین گەورەترین ئاستەنگە لە جیهاندا لە بەردەم ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا، ساڵی ڕابردوو حکومەتی بەڕیتانیا بە بەڕێوبەرایەتییەکانی وت چیتر لە بینا هەستیارەکاندا ئەو کامێرا چاودێرییانە بەکارنەهێنن کە دروستکراوی چینن.

حکومەتی بەڕیتانیا لە ڕاگەیاندنێکدا وتی " کاتێکیش دیاری دەکەین بۆ لابردنی ئامێرە چاودێرییەکان لە شوێنە هەستیارە حکومییەکاندا، ئەو ئامێرە چاودێرییانەی کە لەلایەن ئەو کۆمپانیانەوە دروستکراون کە بەپێی یاسای هەواڵگری نیشتمانی چینەوە کاردەکەن."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە دیاریکراوی ئاماژە بە ناوی کۆمپانیاکان نەدراوە.

یاسادانەرانی بەڕیتانیا پێشتر داوایان کردبوو بەکارهێنانی ئەو کامێرا ئاسایشییانەی کە لەلایەن هیکڤیژن و داهواوە دروستکراون قەدەغە بکرێن، هیکڤیژن و داهوا بەشێکییان سەر بە کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەتی چینن، ئەوەش بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانیانەوە لەسەر ئەوەی بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایانە پەیوەست بن بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە چین.

هیکڤیژن لە بەیاننامەیەکدا وتی " باوەڕمان وایە ئەو کارەی حکومەتی بەڕیتانیا هەنگاوێکی تری گرژییە جیۆسیاسییەکانە کە لە ڕێی قەدەغەکردنی تەکنەلۆجیاکانەوە دەردەبڕدرێت، ئەوەش بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە بەرهەمەکانی هیکڤیژنەوە نییە."

لە مانگی سێی ئەم ساڵدا، بەڕیتانیا بەکارهێنانی تیکتۆکی لە مۆبایلەکانی حکومەتدا قەدەغە کرد، لە ساڵی 2020 دا وتی نەوەی پێنجەمی هواوی قەدەغە دەکات. هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکاش فرۆشیار و بەرهەمی چەندین کۆمپانیای تەکنەلۆجیای چینییان قەدەغە کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG