سەرچاوەیەک لە ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەریتانیا دەڵێت دەیڤد کامیرۆن دەسـتبەرداری پلانەکانی نەبووە بۆ بەدەسـتهێنانی پشـتیوانی پەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش لە سوریا.
ژمارەیەک ڕۆژنامە ئەمڕۆ سێشەممە گوتیان دەیڤد کامیرۆن وازی لەو پلانانە هێناوە پاش ئەوەی نەیتوانی دەنگی پـێویستی بۆ بەدەسـتبهێنێت. هەروەها ڕۆژنامەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد کە پشـتیوانیکردنی ڕووسیا لە ڕژێمی ئەسەد لە ڕێگەی بۆردومانکردنی داعشەوە هێندەی تر مەسەلەکەی ئاڵۆزکردووە.
لە ئێسـتادا کامیرۆن خوازیارە پشـتیوانی پەرلەمان بەدەسـتبهێنێت تاوەکو دووچاری شکستێـکی هاوشێوەی ئەوەی ساڵی 2013 نەبێتەوە کە داوای ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی دژی ئەسەدی کردبوو و داواکەی ڕەتکرایەوە.
پارتی کۆنەپارێزی سەر بە کامیرۆن زۆرینەیەکی کەمە لە پەرلەمان و ژمارەیەک لەو پەرلەمانتارانە لەگەڵ فراوانکردنی هێرشە ئاسمانیـیەکان نین، بۆیە کامیرۆن پـێویستی بە پشـتیوانی پارتی کرێکارانی ئۆپـۆزسیۆنە کە جێرمی کوربن سەرۆکایەتی دەکات و کەسێـکی دژی جەنگە.